Coşkun Ergül,Ramal Abdullah Mahmood
19 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە – AA
رۆژەڤی گەرمی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، "پڕۆژەیاسا"، دانیشتنی پەرلەمان لەبارەی بوودجەی ساڵی ٢٠١٨ی پێنج وەزارەت، دۆسیەی لابردنی لەیلا زانا کە پەرلەمانتاری بازنەی ئاگری هەدەپەیە لە پەرلەمانتاری بە هۆی ئەوەی دەوام ناکات.
لە دانیشتنی سبەی پەرلەماندا، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ قۆناغی دووەمی خولی ٢٦هەمین ئەنجام دەدرێت.
بۆ ئەم مەبەستەش، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستانبوڵی ئاک پارتی و سەرۆکی ئێستای پەرلەمان، ئیسماعیل قارەمان و پەرلەمانتاری بازنەی ئادانای ئاک پارتی، تامەر داغڵی و پەرلەمانتاری بازنەی ئیزمیری جەهەپە، زەکەریا تەمیزەل و پەرلەمانتاری بازنەی هەکاری هەدەپە، سەلما ئرماک و پەرلەمانتاری بازنەی ئیستانبوڵی مەهەپە، جەلال ئادان و پەرلەمانتاری سەربەخۆی بازنەی قەیسەری، یوسف هالاچئۆغڵو خۆیان کاندید کردووە.
- پرۆسەی دەنگدان بەنهێنی ئەنجام دەدرێت.
لە یەکەم گەڕی دەنگداندا کاندید بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان پێویستە دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. لە گەڕی دووەمیشدا کاندید پێویستی بە بەدەستهێنانی دەنگی نیوە کۆ یەکی پەرلەمانتارانە. لە گەڕی سێیەمیشدا دوای ئەوەی کاندیدان نەیانتوانیووە رێژەی نیوە کۆ یەک بەدەستبهێنن، بەڵام ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە بە بەراوورد لەگەڵ کاندیدەکانی دیکە دەچنە ناو گەڕی چوارەم و لە گەڕی چوارەمدا کامیان زۆرترین دەنگ بە دەستبهێنێت دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
بە پێی ئەوەی کە ژمارەیەک پەرلەمانتار خۆیان کاندید کردووە و دابەشبوونی پەرلەمانتاران پێ دەچێت سەرۆکی پەرلەمان لە گەڕی سێیەمدا هەڵببژێردرێت.
ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵنەبژێردرا، ئەوا گەڕی دووەم و سێیەمیش لە هەمان رۆژدا ئەنجام دەدرێن.
- دۆسیەی دەوام نەکردنی لەیلا زانا
٢١ی ئەم مانگە راپۆرتی ئامادەکراوی ئەندامانی لیژنەی دەستوور و دادوەری لە کۆمیسیۆنی تێکەڵاوی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت، لەبارەی پەرلەمانتاری بازنەی ئاگری هەدەپە، لەیلا زانا بە هۆی ئەوەی "بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ مادەی ٨١ی دەستوور سوێندی نەخواردووە و وەک پێویست دەوامی نەکردووە بێناوبڕ بەشداری لە ٢١٢ دانیشتنی پەرلەماندا نەکردووە".
ئەگەر کۆمیسیۆنەکە بە هۆی دەوام نەکردنی زانا بڕیاری دا ناوبراو لە پەرلەمانتاری لابدرێت، ئەوا دۆسیەکە رەوانەی دانیشتنی گشتیی پەرلەمان دەکرێت و ئەگەر پەرلەمانتارانیش ئەو بڕیارەیان دا ئەوا لەیلا زانا لە پەرلەمانتاری لادەبرێت.