Azad Muhammed
04 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2016
هەولێر
فەرماندەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى تلسقۆف لیوا تارق سلێمان بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند : " ئەمڕۆ سەعات هەشتى بەیانى چەکدارانى داعش هێرشییان کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بەمەبەستى بردنەوەى تەرمەکانیان کە لە شەڕى دوێنێ لێیان بەجێ مابوو. پێشمەرگەش بە توندى لە چەکدارانى داعش هاتنە دەست و هێرەشەکەیان تێکشکاند و زیانى زۆرشیان پێ گەیاندن".
ئەو فەرماندەیەى هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى تلسقۆف راشیگەیاند: "چەکدارانى داعش ژمارەیەکى زۆرى خۆکوژیان لەو هێرشانەدا نارد بەڵام خۆشبەختانە زیاتر لە ١٥ ئۆتۆمبێڵى بۆمبڕێژکراو بە سەرنیشە خۆکوژەکانىشیانەوە، لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە تەقێنرایەوە ژمارەیەکى زۆرترى ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو کەوتە بەر تۆپخانەکانى هێزى پێشمەرگە و بەرەو مووسڵ گەڕانەوە".
ئەو فەرماندەیە لە میحوەرى تلسقۆفەوە گوتى: "ئەو تەرمانەى کەوتووەتە دەست پێشمەرگە لە شەڕەکەى ئەمڕۆ ٤٠ چەکدارى دیکەیە ژمارەیەکیش بەبریندارى هەڵهاتن بۆ ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى خۆیان، هێزەکانى پێشمەرگە هیچ شەهیدێکى نەبوو تەنها چەند بریندارێک هەبوون".لیوا تارق گوتیشى: "لەبەر ئەوەى مەوداى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و چەکدارانى داعش نزیک بوو شەڕەکە دەستەویەخە بوو، فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان هیچ بۆردومانێکیان نەبوو لە رووبەڕووبوونەوەکەى ئەمڕۆى نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و داعش".
لیوا تارق پێی وایە چەکدارانى داعش هەر کاتێک دەرفەتێک هەبێت هێرش دەکاتەسەر هێزەکانى پێشمەرگە و دەڵێت: "هەروەک چۆن دواى کۆنترۆڵکردنەوەى تلسقۆف چاوەڕوانکراو بوو، داعش هێرش دەکاتەوە سەر هێزەکانى پێشمەرگە بەهەمان شێوە و پێشبینى دەکرێت داعش لە هێرشەکانى بەردەوام بێت بۆیە لە ئامادەباشى تەواو داین بۆ هەر ئەگەرێک".
لەهەمان کاتدا ئەندامى فەرماندەى زێرەڤانى لیوا بەهجەت هەیمەت لە چواڕێیانى کەسکێ بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "سەر لەبەیانى ئەمڕۆ سەعات شەش لە چواڕێیانى کەسکێش چەکدارانى داعش هێرشیان کردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە بە چەکى جۆراوجۆر بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان کرد. هێزەکانى پێشمەرگە بە هاوکارى فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان بەتوندى وەڵامى ئەو هێرشەى چەکدارانى داعشیان دایەوە و داعش بە زیانى گیانى و ماددى زۆرەوە تێک شکێندران".لیوا بەهجەت راشیگەیاند: "ئامارى ئەمڕۆى کوژراوانى داعش کە بە وردى گەیشتبێتە دەستمان زیاتر لە ٥٠ چەکدارى داعش کوژراون ژمارەى بریندارانیشیان نەزانراوە، چەندین ئۆتۆمبێلى سەربازیى و تویۆتاى دۆشکە هەڵگریی داعش سووتێندراون".
فەرماندەى بەتاڵیۆنى دوو هێزەکانى پێشمەرگە لە میحوەرى تەلەعفەر موقەدم نەعمان بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "لە بەرە بەیانى ئەمڕۆ سەعات پێنج و ١٥ خولەک چەکدارانى داعش بە پیادە خۆیان لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە نزیکەى ٤٠٠ مەتر، خۆیان نزیک کردەوە و هێرشیان کردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە. هەر زوو هێزەکانى پێشمەرگە لە چەکدارانى داعش هاتنە دەست و توانیان چەکدارانى داعش تێک بشکێنن".
ئەو فەرماندەیەى میحوەرى تەلەعفەر راشیگەیاند: "ئەو رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش چوار سەعاتی خایاند و تا هەشت و ٣٠ خولەکى بەیانى پێکدادان بەردەوام بوو لە نێوان هێزەکانى پێشمەرگە و چەکدارانى داعش".موقەدم نەعمان گوتى: "لەبەر ئەوەى ئەو هێرشەى چەکدارانى داعش چاوەڕوانکراو بوو، بۆیە پێشوەخت هێزەکانمان کۆ کردەوە لە دوورى ٤٠٠ مەتر رێگەمان نەدا چەکدارانى داعش پێشڕەوى بکەن و نزیک ببنەوە لە سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە، فڕۆکە جەنگییەکانى هاوپەیمانان لە ناوچەکە چەند بنکە و بارەگایەکیان بۆردومان کرد".
داعش چەند ڕۆژێکە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هێزەکانى پێشمەرگە، دوو رۆژ لەمەوبەر لە بەرەبەیانێکى زوو چەکدارانى داعش بە درێژایى ١٠٠ کیلۆمەتر بە چەکى قورس و چەکدارى خۆکوژ و ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو لە میحوەرکانى تلسقۆف، باشیک، ناوەران، خازر، وەردەک هێرشیان کردە سەر هێزەکانى پێشمەرگە. دوو گوند و ناحیەى تلسقۆف کەوتە دەست چەکدارانى داعش بەڵام دواى چەند سەعاتێک لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرایەوە.