Muhammet Ali Kemal
08 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2016
ئیستانبوڵ - AA
شاعیر و نووسەری كوردی سووریا جان دۆست ئاماژەی بەوە كرد كە رژێمی بەشار ئەسەد لە رێگەی پەیەدەوە ناوچەكانی كوردی كۆنترۆڵ دەكات و رێگە لەهەر بزووتنەوەیەك دەگرێت كە دژی ئەو بن.
دۆست لە روونكردنەوەیەكدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كرد كە لەسووریا شۆڕش بەشێوەیەكی ئاشتییانە دەستی پێ كرد بەڵام بەهۆی ئەوەی رژێم هەوڵیدا لە رێگەی چەكەوە سەركووتی بكات، جەنگی نێوخۆ درووست بوو.
ئەو نووسەرە جەختی لەوەكردەوە كە شۆڕشی سووریا دژی سیستمێكە كە پێشێلی مافەكانی مرۆڤ بكات و دیكتاتۆر بێت و یەك رەنگ و یەك دەنگ بێت و گوتی: "ئەم خەباتە بۆ دیموكراسی و شەرەف و ئازادی بوو. بەداخەوە رژێم ویستی لە رێگەی خوێنڕشتن و ئاگر و مەرگەوە بیوەستێنێت بەڵام نەیتوانی سەركەوتوو بێت. شۆڕش بەرە بەرە بە ئاراستەی چەكداربووندا رۆیشت و بەداخەوە ئەم دۆخە چەكدارییە وێرانكاری لەگەڵ خۆیدا هێنا. ئەمە خواستی گەلی سووریا نەبوو. گەلی سووریا هەرگیز نەیدەویست جەنگێكی ئایینی بەرپا بكات. لە ئێستاشدا دۆخەكە زۆر خراپە. دانیشتوان گوزەرانیان نەماوە. چیتر پێویستە هەموو جیهان پشتیوانی گەلی سووریا بكەن، لەبەر ئەوەی هەمووان لەمبارەیەوە تاوانبارن".
- ''ئەسەد لە رێگەی پەیەدەوە رێگری لەهاتنەوە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا دەكات''
دۆست ئاماژەی بەوە كرد كە پەیەدە لەجیاتی رژێمی ئەسەد رێگری لە گەڕانەوەی پیشمەرگەكانی رۆژئاوا دەكات كە لە هەرێمی كوردستان مەشقیان پێكراوە و گوتی: "پەیەدە نایەوێت پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بچنەوە ئەوێ. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە خواستی رژێمە. پەیەدە خواستی رژێم جێبەجێ دەكات. رژێم متمانە بەهیچ هێزێكی چەكدار لەدەرەوەی یەپەگە كە پەیوەستە بە پەیەدەوە، ناكات. باش ئەوە دەزانێت ئەگەر بێت و پێشمەرگەكانی رۆژائاوا بێنەوە ئەوا بەئاراستەی بەرژەوەندی كوردانی سووریادا دەجەنگن. هەر لەبەر ئەمەیە لە رێگەی پەیەدەوە رێگری لەهاتنەوەیان دەكات. پەیەدە وەك كوتەكێكی ئامادە بۆ بەكارهێنان وایە بەدەستی رژێمەوە. رژێمی بەشار ئەسەد لە رێگەی پەیەدەوە ناوچەكانی كوردی كۆنترۆڵ دەكات و رێگە لەهەر بزووتنەوەیەك دەگرێت كە دژی ئەو بن. ئەمە ئەركی پەیەدە بوو. پەیەدە نایەوێت هەرێمێكی كوردی درووست بكرێت، رژێمیش ئەمەی ناوێت و رێگە بەكارێكی لەوجۆرەش نادات. وا دەزانرێت كە ناوچەكانی كوردی لە سووریا جیابوونەتەوە، توركیاش دژی ئەمەیە، بەڵام دۆخێكی لەوجۆرە بوونی نییە. پەیەدە لەسایەی ئەو پارە و چەكەوە ماوە كە رژێم پێ دەدات".
- "پەیەدە جل و بەرگیان كوردییە بەڵام گۆشت و خوێنیان لەگەڵ رژێمدایە"
دۆست سەبارەت بەو فشارەی پەیەدە لەماوەی رابردوودا خستییە سەر رۆژنامەوانانی كوردی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاند "ئەو سیستەمەی كە پەیەدە دەیەوێت دایبمەزرێنێت (كانتۆنەكان)، بەبڕوای من درێژەدەدات بە رژێم. لەوێ دیكتاتۆریەت بوونی هەیە، خوێنڕشتن و گرتووخانە بوونیان هەیە. ئەگەر بێت و پێویست بێت كە راستییەكە بڵێین، ئەوا پەیەدە گەنجە بێ تاوانەكانی كورد بەرەو جەنگ دەنێرێت و ئەو گەنجانە وەك قەڵغانێك بۆ پارێزگاریكردن لەرژێمی ئەسەد بەكاردەهێنێت. پەیەدە لە رێگەی فشارەكانییەوە بۆ سەر كەسایەتییەكانی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەوانانی كورد، لەم چوارچێوەیەدایە و خزمەت بە ئەسەد دەكات و ئەركەكەی بەباشی جێبەجێ دەكات. پەیەدە جل و بەرگیان كوردییە بەڵام گۆشت و خوێنیان لەگەڵ رژێمدایە''.
جان دۆست رەخنەی لە ئەنەكەسە گرت كە لە شازدە پارتی كوردی پێكهاتوون بەوەی خاوەندارێتی لە گەل ناكەن و جەختی لەوەكردەوە هەرچییەك دەبێت با ببێت بەڵام پێویستە ئەنەكەسە ناوچەكانی كوردی سووریا بۆ پەیەدە چۆڵ نەكات و گوتی: "ئەنەكەسە زۆر لاواز بووە. ئەنەكەسە نەیتوانی بەرگەی ئەو فاشیزمە بگرێت كە پەیەدە پەیڕەوی دەكات، كە كارێكی پێویست بوو بەرگەبگرێت. پێویست بوو درێژە بە خۆپیشاندانەكان بدات. پێویست بوو گەنجەكان لەوبارەیەوە ئاراستە بكات. پێویست بوو ئەنەكەسە خاوەندارێتی لەگەل بكات، گەلیش خاوەندارێتی لەو دەكرد. سەدان هەزار كەس لە شارەكاندا خۆپیشاندانیان ساز كرد و گووتیان 'ئەنەكەسە نوێنەری ئێمەیە و پەیەدە شەبیحەیە'. دۆزی زۆری هاوشێوەی ئەمە هەبوو كە دەبوو ئەنەكەسە خاوەندارێتییان لێ بكات و وەك هۆكار بەكاریان بهێنێت، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی سەركەوتوو بێت. ئەنەكەسە لەبەر ئەوەی نەیویست هیچ پێكدادانێك لەنێوان كوردەكاندا بێتە ئاراوە، هەنگاوی بەرەو دواوە نا. ئەمە بیرۆكەیەكی باش بوو بەڵام هیچ سوودێكی نەبوو".
- هێرشەكانی پەكەكە
جان دۆست سەبارەت بە هێرشەكانی پەكەكە لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا و ئۆپەراسیۆنەكانی هێزەكانی ئەمنی دژی چەكدارانی پەكەكە، ئاماژەی بەوە كرد كە ئێران و رژێمی ئەسەد سوود لەم دۆخە دەبینن.
دۆست جەختی لە گرنگی گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی كرد و گوتی: "پێویستە ئۆجەلان بێتە نێو بابەتەكەوە و حكوومەتیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكە هەنگاوی گەورە بهاوێژێت. ئەمە زامێكی گەورەیە و تەنها بە نزا چارەسەر ناكرێت. بۆ چارەسەركردنی پێویست بە دەرمانیش دەكات".
جان دۆستی شاعیر و نووسەر كە لەئەڵمانیا دەژی و لەبنەڕەتدا خەڵكی كۆبانێیە، وێڕای ئاماژەدان بەوەی لەئێستادا سەرگەرمی نووسینی رۆمانێكە لەبارەی كۆنابێ-وە و زۆرینەی رۆمانەكەی تەواوكردووە، باسی لەوە كرد كە لە كتێبەكەیدا ئازاری منداڵان و دانیشتوانی شارەكەی خستووەتەڕوو.