سياسەت

په‌یامێك له‌ بارزانییه‌وه‌ بۆ حزبه‌ كوردستانییه‌كان: یه‌ك ریز بن

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌سعود بارزانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ په‌یامێكی له‌باره‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئه‌م مانگه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌

Hemn Baban  | 19.05.2018 - نوێکردنەوە : 20.05.2018
په‌یامێك له‌ بارزانییه‌وه‌ بۆ حزبه‌ كوردستانییه‌كان: یه‌ك ریز بن

Arbil
هه‌ولێر-AA

په‌یامه‌كه‌ی بارزانی له‌كاتێكدایه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شه‌ش لایه‌نی كوردستانی كه‌ ره‌خنه‌یان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌ و خاوه‌نی 11 كورسیی په‌رله‌مانی عێراقن بایكۆتی په‌رله‌مانی عێراق بكه‌ن.

له‌و په‌یامه‌دا بارزانی رایگه‌یاندووه‌ ئێستا كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە دۆخێكی تازە هاتووەتە ئاراوە و هیوای ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا.

بارزانی هه‌روه‌ها هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌موو گیروگرفته‌كانی پێشوو و بڕیار گه‌لی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ" پابه‌ندنه‌بوونی حكوومه‌تی به‌غدا به‌ ده‌ستوور و له‌ دیباجه‌ی ده‌ستووریشدا به‌روونی هاتووه‌ كه‌ إنّ الالتزام بهذا الدستور يحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسيادةً، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی زۆر روونه‌ كه‌ عێراق له‌ یه‌كێتییه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ پێكهاتووه‌ و به‌م پێیه‌ ریفراندۆم و مافی دیاریكردنی چاره‌نووس مافێكی ده‌ستوور و سرووشتی گه‌لی كوردستانه‌".

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ له‌ ساڵی رابردوو رێبه‌رایه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی له‌ 25ی ئه‌یلول كرد و دواتر ده‌ستی له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌ردا، له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت" پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات، ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن، پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت، حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووك و دوز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە".

بارزانی له‌ درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه‌ پێی باشه‌ دیالۆگی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وام بن تا ده‌گه‌نه‌ ئه‌نجامێك، ده‌شڵێت هه‌رگیز بژارده‌ی ئه‌وان بژارده‌ی شه‌ڕ نه‌بووه‌.

بارزانی ده‌شڵێت "بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بووە كە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان كردووە بە ڕووداوەكانی دوای 16ـی ئۆكتۆبەریشەوە، كەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو واقیعەی كە بە زۆری چەك و خۆسەپاندن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە پێویستە كۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی كە بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین .. و بە زمانی چەك و زۆر لەدژی گەلەكەمان، ئیرادەی گەلی كوردستان هەرگیز نەشكاوە و ناشكێت".

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئه‌م مانگه‌شه‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێـت" لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش هەندێ نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە، بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەكان دروست بكات"..

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا مه‌سعود بارزانی ده‌ڵێت گەلی كوردستان قوربانیی بێ هەژماری داوە و ئەو دەستكەوتانەی ئێستا هەن بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە ئارا، ئێستایش كە قۆناغێكی تازە لە ئارادایە و هەڵبژاردن كراوە و بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەچێت و دەستكەوتەكان بپارێزرێن، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتیمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەك پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی.

بارزانی بۆ حزبه‌كانی كوردستانیش ده‌ڵێت" دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەگەر كوردستان هەموو یەكدەنگ بێت دەتوانرێ دەستكەوت و مافەكان بپارێزرێن و ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە كوردستانیش لاواز دەبێت، هەموو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن كە ئەگەر پێكەوە بین، كاری گەورە و دەستكەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زیان دەبینێت و پاشەكشە دەكات و ڕەنج و قوربانیدانی گەلی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت، هەر بۆیەش داوا دەكەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغدا پێكەوە بن و یەكڕیز بن"..

هه‌روه‌ها بارزانی سوپاسی ئەندام و كادیر و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووه‌ و هەموو "ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەلی كوردستان" دەكات كە نەیانهێشت حەزی نەیاران و ناحەزان بهێتە دی وه‌كو ئه‌و باسی كردووه‌. بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن