Dlshad Saifaalddin Ahmed
11 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2017
سلێمانی - AA
عومەر ئەحمەد ئەمین قەڵادزێی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی بە وەكالەت دەستی بە كار كرد، ئەو باس لەوە دەكات كێشەی پارێزگاری سلێمانی كێشەیەكی یاساییە و پێویستی بە چارەسەركردن هەیە، سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانیش لە گفتوگۆدان بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ لە بزووتنەوەی گۆڕان.
دوای ئەوەی پارێزگاری پێشووی سلێمانی بەوەكالەت (سەردار قادر) لە سەرەتای ئەم مانگە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەك لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەكە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەو پۆستە راگەیاند، ئەمڕۆ عومەر ئەحمەد ئەمین قەڵادزێی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی بە وەكالەت دەستی بە كار كرد.
قەڵادزێی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەستبەكاربوونی خۆی لە بری پارێزگاری سلێمانی ئاشكرا كرد و گوتی: "دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەردار قادر كە لە بری پارێزگاری سلێمانی كاری دەكرد، بۆشاییەكی ئیداری لە سەرجەم فەرمانگەكانی شارەكە دروست بوو، ئەوەش بوبووە هۆی پەككەوتنی كاروباری هاووڵاتییان. لە رۆژی 9ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە بڕیارێك وەزارەتی ناوخۆی ئاگاداركردەوە و فەرمانی دەستبەكاربوونی منی لە بری پارێزگاری سلێمانی دەركرد تا ئەو كاتەی ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت".
عومەر قەڵادزێی كە لە ساڵی 2000ەوە لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك جێگری پارێزگاری سلێمانی دانراوە، ئەوەشی گوت "من لە دوێنێ چوارشەممەوە دەستم بەكار كردووە و ئیش و كارەكانی پارێزگار رادەپەڕێنم، بە پێی یاساش هەموو دەسەڵاتەكانی پارێزگارم هەیە".
ئەو هەروەها گوتی: "كات دیاری نەكراوە بۆ وادەی مانەوەی من لەم پۆستە، سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لە گفتوگۆدان و هەركات گۆڕان پۆستەكەی پڕكردەوە، ئامادەی دەستلەكاركێشانەوەم لەم پۆستە".
قەڵادزێی ئاماژەی بەوەش كرد، تائێستا كەس نییە وەك پارێزگاری سلێمانی كە ئەوەش كێشەیەكی یاساییە و پێویستە چارەسەر بكرێت، هەركەس بچێتە ئەو پۆستە لە بری پارێزگاری سلێمانی كاروبارەكان رادەپەڕێنێت.
لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ساڵی 2014 ، هیچ لایەنێكی سیاسی نەیتوانی رێژەی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و پارێزگاری شارەكە دابنێت، بە هۆی نزیكی رێژەی كورسییەكانی هەردوو لایەنی براوەی یەكەم بزووتنەوەی گۆڕان (12 كورسی ئەنجوومەن) و براوەی دووەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (11 كورسی ئەنجوومەن) و ململانێی توندی هەردوو لایەنەكە لەسەر ئەو پۆستە، هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بۆ ماوەی ساڵێك دواكەوت.
دواتر هەردوولایەن رێكکەوتن لەسەر دابەشكردنی ئەو پۆستە لە نێوان خۆیاندا و پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی شارەكە، دوو ساڵی یەكەم درایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دوو ساڵی دووەم بۆ بزووتنەوەی گۆڕانە.
بەڵام بە هۆی ناكۆكی سیاسی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و كێشەی وادەی یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە وادە یاساییەكەی تەواو بووە، كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار، هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێدرا، بە هۆی ئەوەی پێویستی بە مەرسومی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە نەیتوانیوە لەو پۆستە دەست بەكارەكانی بكات.
بۆ ئەو مەبەستە بزووتنەوەی گۆڕان سەردار قادر (جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری لە پكشی بزووتنەوەی گۆڕان)ی دەستنیشان كرد بۆ دەستبەكاربوونی لە بری پارێزگاری سلێمانی و ماوەی 10 مانگ لەو پۆستە مایەوە.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ( 2ی ئایار) سەردار قادر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لەو پۆستە راگەیاند، هۆكارەكەشی بۆ كێشە و گرفتەكانی شارەكە و نەبوونی بوودجە و هاوكاری بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەكانی كارەبا و ئاو و رێگاوبان، دەستەوەستانی پارێزگا بە هۆی نەبوونی بوودجەوە لە ئاست داواكارییەكانی هاووڵاتییان گێڕایەوە.