Zana Natık Kerem
07 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2023
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ سێشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی ناوچەکە بە گشتیی و عێراق و ھەرێم بە تایبەتی لە پیرمام کۆبوونەوە.
دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو حزبەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، ئەنجامدراوە.
باسیان لەوەیش کردووە کە لەکۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەتی، ھەروەھا ڕەوشی ھەستیاری ناوچەکە بە گشتی گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە.
ڕاشیانگەیاندووە: "ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردن و، پێویستی کۆکردنەوەی ھێز و توانای سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و داڕشتنی ستراتیژیەتێکی ھاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕەوتی ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی قۆناغەکە ، ھەروەھا ڕوبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان".
ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر بەھێزکردنی خاڵە ھاوبەشەکان و چارەسەرکردنی گیر و گرفتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی ھەرێمی کورستان.
ئاماژەیان بەوەیشداوە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پاڵپشتیکردنی ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم کراوەتەوە بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەی عێراقدا.
ڕاشیانگەیاندووە کە لە کۆتاییدا، بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان ھەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێکی گونجاو دیاریکرا.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا پێکھاتبوو لە جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی، مەسرور بارزانی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، فازڵ میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ھۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمینکی، پشتیوان سادق، مەحمود محەمەد و ئازاد بەرواری.
شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێکھاتبوو لە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی و ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی ھەر یەک لە سەعدی ئەحمەد پیرە، قوباد تاڵەبانی، عیماد ئەحمەد، ڕەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو عەلی عەسکەری، خەسرەو گوڵ محەمەد و دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ.
لە دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ٢٧ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بەسترا، ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بوو کە لە نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامدرا.