Zana Natık Kerem
23 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2017
بەغدا ــ AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمیدا گەیشتە شاری بەغدا كە لە میانیدا بە جیا چاوی بە سەركۆمار، سەرۆكوەزیران، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و هاوتا عێراقییەكەی دەكەوێت.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە لە كاتی گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە پێشوازی مەولود چاوشئۆغڵودا بوون.
بڕیارە لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی توركیا بە جیا لەگەڵ سەركۆمار، فوئاد مەعسوم و سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبوری و هاوتا عێراقییەكەی، ئیبراهیم حەعفەری و نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، كۆببێتەوە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە ئەجندای سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغدا، زیاتر جەخت لەسەر پرسی رایفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، هەروەها هەڵوێستی توركیا لەسەر رێفراندۆم دەخاتەڕوو، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بابەتی جەنگی دژ بە داعش لە مووسڵ تاوتوێ دەكات و دوای كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ بەغدا، بەرەو هەولێر بەرێدەكەوێت و لەوێ لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە.