Zana Natık Kerem
25 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە ــ AA
سەرۆكی دەستەی زانایانی فەڵەستین لە دەرەوە، نەواف تەكروری گەلانی وڵاتانی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهان هان دا كە هەروەك چۆن دژ بە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ بۆ ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل وەستانەوە، بە هەمان شێوە دژ بە سیاسەتی جوولەكەنشینیش بووەستنەوە.
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، نەواف تەكروری رایگەیاند كە هەموو جیهانی ئیسلامی بە كاردانەوەی جیاجیا ناڕەزایی خۆیان لەهەمبەر بڕیارەكەی ترەمپ لە بارەی قودسەوە نیشانداوە و هیوای خواست كە بە هەمان شێوە وڵاتانی ئیسلامی بۆ ئایندە هەڵوێستی جددی دژ بە سیاسەتی جوولەکەنشین نیشان بدەن و گوتی: "ئیسرائیل بەردەوامە لە گرتنبەری ئەو رێوشوێنە، چونكە لە لایەن زلهێزترین وڵات لە جیهان پشتیوانی لێ دەكرێت".
سەرۆكی دەستەی زانایانی فەڵەستین لە دەرەوە ئاماژەی دا بە گرنگی رەتكردنەوەی بڕیارەكەی ترەمپ لە لایەن گەلانی ئیسلامەوە، هەروەها كاردانەوەكان بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی ترەمپ لە سەرانسەری وڵاتانی ئیسلامی بە ئەرێنی وەسفكرد.
نەواف تەكروری گوتیشی: "وڵاتێكی زۆر دژ بە بە بڕیارەكەی ترەمپ وەستایەوە و ناڕەزایەتیان لەسەر بڕیارەكە نیشان دا، هیچ وڵاتێك لە جیهان پشتیوانی لە هەنگاوەكەی ترەمپ نەكرد تەنانەت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش".
سەرۆكی دەستەی زانایانی فەڵەستین متمانەی خۆی بە گەلی فەڵەستین نیشان دا كە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی ترەمپ بەردەوام دەبن، وێرای ئەوەی تا ئێستا لە میانی رووبەڕووبوونەوە و پێكدادان لەگەڵ سوپای ئیسرائیل، ١٠ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ی دیكەش بریندار بوون.
نەواف تەكروری گوتیشی: "ئەمریكا و ئیسرائیل وایان دەزانی، هەموو جیهانی ئیسلامی دەستبەرداری قودس دەبن، كاتێك بە رەوشی كاروباری ناوخۆییەوە سەرقاڵ دەبن، بۆیە ئەو كارەیان بە دەرفەتێك بۆ خۆیان قۆستەوە و ئیسرائیل هەوڵیدا دەستبەسەر قودسدا بگرێت، بەڵام موسڵمانان نیشانی ئەمریكا و ئیسرائیلیان دا كە ئەو بیركردنەوەیان هەڵەیە".
نەواف تەكروری ستایشی هەڵوێستی توركیای بەرامبەر بە پرسی قودس كرد و گوتی: " هەڵوێستی گەل و سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرامبەر بە پرسی قودس مایەی شانازن، هەروەها ئێمە ناتوانیین داوایەك لە توركیا بكەین كە توانای ئەنجامدانی نەبێت".
سەرۆكی دەستەی زانایانی فەڵەستین ئەوەشی گوت: "كاتێك دەمانەوێت كارێك ئەنجام بدەین، دەبینین توركیا لە بەرامبەر ئەو پرسە پێشمان كەوتووە، هەروەها بە زۆر بە روونی دەبینین توركیا چی كارێك لە پێناو قودسدا دەكات".
لە كۆتاییدا ناوبراو گوتی: "سوپاسی گەل و سەركردەكانی توركیا دەكەین و دەبین هەموو وڵاتان هەوڵەكانیان لە پێناو قودسدا خستووەتەگەڕ".