Rewa Mahmut Hasan
25 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2015
بودابێست
هەنگاریا بۆ رێگری لە هاتنی زیاتری پەنابەران، دەستی کرد بە تەلبەندکردنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی سلۆڤینیا.
گوتەبێژی حکوومەتی هەنگاریا زۆلتان کۆڤاکس لە میانی بەشداربوونی لە بەرنامەیەکی رادیۆییدا، ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاریا دوای سربیا و کرواتیا و رۆمانیا، دەستی کردووە بە تەلبەندکردنی سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سلۆڤینیاش.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە راستە تەلبەندکردن چارەسەری کێشەکە ناکات بەڵام دەکرێت رێگر بێت لە تەوژمی زیاتری کۆچبەرانی نایاسایی. هاوکات ناوبراو ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی رێکەوتنی شینگێن ناچارن کە سنوورەکانیان بپارێزن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ئامرازەکان بەکار دەهێنن.
لە راگەیەندراوێکدا کە بەڕێوەبەرێتی ئاسایشی هەنگاریا بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژە بەوە کراوە رۆژی رابردوو ژمارەی ئەو پەنابەرانەی چوونەتە وڵاتەکەیانەوە گەیشتووەتە ٨ هەزار و ١٠٤ کەس و لەوانە ٧ هەزار و ٨٠٠ یان لە رێگەی سنووری کرواتیا و ٣٠٠ یان لە سنووری سربیاوە هاتوون.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە لە سەرەتای ٢٠١٥ەوە ٢٥٠ هەزار پەنابەر چوونەتە هەنگاریا.