Salim hemexan
08 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2016
سەركونسوڵی هەنگاریا لەهەولێر، جابا سیكینزی لەمیانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسی و لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆدا رایگەیاند: "لەچوارچێوەی هاوكارییەكاندا بۆرووبەڕوو بوونەوەی شەڕی تیرۆر، تائێستا هەنگاریا 275 تەن چەك و تەقەمەنی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و بڕیار دراوە كە 110 جۆر تەقەمەنی بەهێزی تر پێشكەشی پێشمەرگە بكات".
گوتیشی: "لەئێستادا راوێژكار و راهێنەرانی سەربازیی وڵاتەكەمان بەبەردەوامی مەشق و راهێنان بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و نەخۆشخانە سەربازییە تایبەتەكانیشمان، ئەركی چارەسەركردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعشیان لەئەستۆ گرتووە كە ژمارەیەكیان چارەسەر كراون و ئێستا چواریان گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان".
سكینزی راشیگەیاند: "هەموو ئەو هاوكاریانەی وڵاتی هەنگاریا راستەوخۆ پێشكەشی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كراون و هاوكارییەكانی تریش هەر راستەوخۆ پێشكەشی هەرێم دەكرێن".
گوتەكانی سەركونسوڵی هەنگاریا لەهەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەیەكی هات لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەكەی و گفتوگۆی چۆنیەتی هاوكاریی ئەو وڵاتە بۆهەڵەبجە.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و داواكارییەكانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لەوڵاتی هەنگاریا لەڕێی سەركونسوڵی ئەو وڵاتە لەهەولێر، پارێزگاری هەڵەبجە عەبدوڵا محەممەد لەهەمان كۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا بۆدەزگاكانی راگەیاندن گوتی:"ئێمە كۆمەڵێك داواكاریی و پێشنیازمان خستە بەردەم سەركونسوڵی هەنگاریا لەهەولێر تا ئەوانیش لەڕێگای حكوومەت و رێكخراو و وەبەرهێنەرەكانیانەوە بێنە شارەكەمان تا هاوكارمان بن بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری پارێزگای هەڵەبجە".
گوتیشی: "دوو كەیسی گرنگمان لەگەڵ بەڕێزیان تاوتوێ كرد كە بەردەوام لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان و رێكخراوەكانی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتی دەكەینەوە كە بریتین لەكەیسی بریندارانی چەكی كیمیاوی كە تائێستا بەچارەسەر نەكراوی ماوەتەوە لەگەڵ كەیسی مناڵانی ونبووی كیمیاباران كە تراژیدیایەكی بەردەوامی هەڵەبجەییەكانە، تا وەك دوو كەیسی گرنگی ئینسانی هاوكارمان بن".
پارێزگاری هەڵەبجە زیاتر گوتی: "ئێمە پرۆژە و بیرۆكەی جۆراوجۆرمان خستووەتە بەردەمیان تا لەبواری گەشتیاری و كشتوكاڵیدا ببێتە هاندەر لەبەردەم وەبەرهێنەرەكانیان بێنە ناوچەكەمان و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی بكەن، لەگەڵ گفتوگۆكردنمان سەبارەت بەدروستكردنی پەیوەندیی لەنێوان زانكۆی هەڵەبجە و زانكۆكانی هەنگاریا تا زانكۆی هەڵەبجە سوودمەند بێت لەو كورسیانەی زانكۆكانیان ساڵانە بۆوڵاتان تەرخانی دەكەن، ئەوانیش سەرنج و پێشنیارەكانی ئێمەیان تۆمار كرد و بەڵێنیاندا هەموو داواكارییەكانمان بگەیەننە وڵاتی خۆیان و لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتی خۆیاندا تاوتوێی گفتوگۆكانمان بكەن".