Hamit Hüseyin
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2016
ئینستیتیوتی مێری (ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە) بە سازدانی وۆرکشۆپێک تاوتوێی سیاسەت و ستراتیژییەکان دەربارەی مووسڵ لە قوناغەکانی پێش و دوای داعشی کرد و دوای ئەو وۆرکشۆپە ئەمینداری گشتیی وەزارتی پێشمەرگە جەبار یاوەر و گوتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح کونگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست.
لە کۆنگرەکەدا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر بۆ رۆژنامەنووسان ھوکاری دواکەوتنی کۆنترۆڵکردنی مووسڵی خستەڕوو و گوتی: "داگیرکردنی رومادی لە ساڵی رابردوودا بووە ھۆی ئەوەی کە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دوابکەوێت و تا ئێستاش ھێزەکانی عێراقی سەرقالَی ھەندێ ناوچەی دەوروبەری رومادین هەتا بتوانن ئوپەراسیۆنی ئازادیی مووسڵ دەست پێ بکەن وھەروەھا پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠١٥ زۆربەی دەوروبەری مووسڵیان کۆنترۆڵ کردووە کە ئەویش سنووری دوو قەزا و ھەشت ناحیەیە و حکوومەتی ناوەندیش چەند ئوپەراسیونێکیان دەست پێ کردووە لە گەیارە و شەرگات و حەمامعلعەلی کە دوای ئازادکردنەوە لە باشووری مووسڵ دواجار پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوەندی مووسڵ دەست پێ دەکات".
جەبار یاوەر لە درێژەدا گوتی: "لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ لایەنی سیاسی، ئیداری، مرۆیی و سەربازیی ھەموو پێکەوە ئەو پرۆسەیە سەر دەخەن و ئێمە دەمانەوێت بگەینە چارەسەرێک بۆ ھەموو ئەو پرسانە".
گوتەبێژی فەرمی سەروکایەتی ھەرێمی کوردستان ئومێد سەباح گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی خۆی راگەیاندووە لەوەی ئامادەی بەشداریی و ھاوکاریی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵە، ئەمەش ھەلێکی باش بوو، تا ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەوردی گفتوگۆی لەسەر بکەن، لەبەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ تەنھا لایەنی سەربازی نییە، بەڵکو لایەنی سیاسی و ئابووری و مرۆیی ھەیە. بۆیە لە ھەموو لایەنەکانەوە ئەو ئۆپەراسیۆنە قسەی لەسەر کراوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا کە "رەنگە ئەم وۆرکشۆپەى ئینستیتیوتی مێری ببێتە سەرەتایەک بۆ یەکلاییکردنەوە ئەو بابەتە. ئێمە سوپاسی مێری دەکەین بۆ رەخساندنی ئەو ھەلە و خوازیارین ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە بەردەوام بن. هەروەها ئێمە لە سەرۆکایەتی ھەرێم چوار بڕیارمان تایبەت بە مووسڵ ھەیە. یەکەم، لەخۆگرتنی ئاوارەکانی مووسڵ چونکە لە روانگەی ئێمە پێش ھەموو شتێکەوە کارێکی مرۆییە، دووەم پرسی ناوچەکانی مووسڵ بە رێژەی لەسەدا٤٠ کە لەسەر دەستی پێشمەرگە بەھاوکاری ھێزی ھاوپەیمانان کۆنترۆڵ کراوە و سێیەم، بەشداری و ھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزەکانی عێراق بۆ ئازادکردنی ئەو شوێنانەی کە ھێشتا لە مووسڵ ئازاد نەکراون و چوارەم، بوونی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ و ھەروەھا ئێمە ھەموو کاتێک ئامادەین ئەگەر حکوومەتی فیدرالی ئامادەباشی ھەبێت و بێگومان پێویستە حکوومەتی عێراقی پەیوەندی باشی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم و ئیدارەی مووسڵ بۆ ئەو شەرە و و داھاتووی مووسڵیش هەبێت".