رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ، لە مانگی شوباتی ئەمساڵ راپۆرتێكی لەبارەی رەوشی ئاوارەكان و هاوڵاتییانی ناوچەكانی خوارووی عێراق بڵاوكردەوە، گوایە "عەرەبە سوننەكان، لە كوردستان، دەگیرێن و گەمارۆ دەدرێن".
لەبەرامبەر ئەوەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەتیكردەوە.
رۆژی چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری رایگەیاند:"لە چەند رۆژی رابردوو شاندێكی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ سەردانی ئێمەیان كرد لەبارەی ئەو راپۆرتەی كە بڵاویان كردبووە، ئەوان پێیانباش بوو بڵاوی بكەینەوە، كە هەڵە لە راپۆرتەكەدا هاتبوو داوای لێ بوردنیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتی ئەوەی لە مانشێتی راپۆرتی رێكخراوەكەدا هاتبوو كە حكوومەتی هەرێم سیاسەتێكی هەبووە، بۆ نەهێشتنی عەرەبی سوننە بێنە هەرێمی كوردستان، یان رێگری لە عەرەبەكان دەكرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان".
زێباری گوتیشی: "بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا خاتوو سارا ویتسۆن، بە فەرمی بە ئێمەیان راگەیاندووە، كە ئەوەی لە راپۆرتەكەدا رەنگدانەوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نییە دەبێت بە وردەكاریی زیاتر باس لەرەوشی ئاوارەكان بكرێت بۆیە دەبێت وردتر راپۆرتەكان ئامادەبكرێت".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دیندار زێباری ئاماژەی بەوەشكرد بەرپرسانی رێكخراوەكە تێبینیەكی تری راپۆرتەكەیان خستووەتەڕوو كە دەبوایە باسیان لەو لایەنە بكردبایە كە هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شارەكانی خوارووی عێراقی پەناداوە، كە سەدا حەفتای عەرەبی سوننەن و دانیشتووی ناوچەكانی مووسڵ و دیالە و تكریت-ن".
دیندار زێباری ئەوەشی گوت : "بەرپرسانی رێكخراوەكە پێیان گوتووین "یەكەم جارە وەكو رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ لەماوەی 11 ساڵە بێین داوای لێبوردن، لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەین".
زێباری ئەوەی بە دەستكەوتێكی گەورە وەسفكرد بۆ هەرێمی كوردستان و سیاسەتی هەرێمی كوردستانیشی بەسەركەوتوو دانا.
هەر لەبارەی ئەو راپۆرتە سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، گوتی: "راپۆرتی هیومن رایتس وۆچ كە بڵاوكرایەوە، ئێمە بەگرنگمان زانیووە، لەكاتی خۆیشیدا وەڵامی خۆمان هەبووە، راستە هەموو زانیارییەكانمان رەتنەكردەوە، بەڵام هەمووشی بەڕاست نازانین، بۆیە بەپێویستمان زانی چەند زانیارییەك رەت بكەینەوە، چونكە ئاشكرایە عێراق وڵاتی پێكهاتەی جیاوازە و ئەوەش لە راپۆرتەكەدا بڵاوكرابووە، پێمانوابوو خزمەت بە پێكهاتە نەتەوەییەكان ناكات، لە ناوچەكە بەتایبەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچە عەرەبە سوننە نشینەكان".
دیندار زێباری بە ئاژانسی ئاناۆڵوی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی رێكخراوەكە بۆمان دەركەوت ئەوان، پشتیان بە چەند سەرچاوەیەكی لۆكاڵی بەستووە، ئەوەش بەلای ئێمەوە جێی پرسیارە بۆ ئەوەش قسەمان لەگەڵ كردن كە دەبێت وردبن لە داڕشتنەوەی ئەو زانیارییانەی دەستیان دەكەوێت و بەدواداچوونی باشیان هەبێت چونكە بارودۆخی عێراق تایبەتە لەڕووی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەی".
گوتیشی: "ئامادەین، لەگەڵ ئەو رێكخراوە كار بكەین و هاوكارییان بكەین، بۆ ئەوەی راپۆرتەكان زانیارییەكانی وەكو خۆی بڵاو بكرێتەوە".