هه‌ولێر
لە قسەکانیدا ئاشتی هەورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، كێشه‌ی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆری نرخی به‌نزینه، ئه‌وه‌ش وایكردووه بەهای به‌نزین گران بێ له كوردستان، ئێستا نرخی به‌نزین 500 دیناره به‌راورد به بازاری جیهان، لە کوردستان زۆر هه‌رزانه.
هەورامی نموونەی تورکیای هێنایەوە و گوتی: "لیترێ به‌نزین له توركیا زیاتر له 2500 دینار ده‌فرۆشرێ، ئه‌وه‌ی ئێمه له كوردستان ده‌یكه‌ین به داخه‌وه من وه‌ك وه‌زیرێك ده‌یڵێم نرخه‌كه‌ی بۆ هاووڵاتیان زۆر هه‌رزانه. زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ئۆتۆمبێلیان نییه ده‌بێ به‌نزینی زیاتر بۆ پاس و هێله‌كانی گواستنه‌وه دابین بكرێ، پێویسته به‌راوردێك بكه‌ین له نێوان ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێلیان هه‌یه و ئه‌وانه‌ی نیانه، ئێستا له كوردستان ماڵ هه‌یه سێ ئۆتۆمبێلی هه‌یه. هه‌موو ئه‌وانه سودیان له كه‌می نرخی به‌نزین وه‌رگرتووه."
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ئاشتی هەورامی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا به‌شێك لە سوته‌مه‌نی هەرێمی کوردستان ده‌ڕواتە ده‌ره‌وه‌ی عێراق و دواتر به نرخێكی گرانتر ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ناوخۆ.
زیاتر گوتی: "ده‌زانم له‌م دانیشتنه‌ی په‌رله‌مان كاتمان كه‌مه، زیاتر باس له پرسی به‌نزین دەكه‌ین، به‌ڵام وه‌ك وه‌زاره‌ت و حكومه‌ت دووباره له په‌رله‌مان قسه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌نزین ده‌كه‌ین ئه‌مه پێویستی به پلان هه‌یه و كێشه‌كان به پینه‌و په‌ڕۆ چارەسەر ناكرێن. ساڵی 2004 و 2006 به‌شی به‌نزین له به‌غداوە دەهات، ئه‌وان غه‌درێكی زۆریان له هه‌رێم كردووه ئه‌و برهشیان كهمكردۆتەوه بۆ ٨% ساڵی 2010 شەهرستانی به‌شە نه‌وتی ره‌شی بڕی و ساڵی 2011 نه‌وتی سپیشی كه‌مكردوه. ئێستا دوای هاتنی داعش به‌نزینی بێجیش نه‌ما، دڵنیام ئه‌گه‌ر داعش‌یش نه‌بوایه ئه‌و به‌نزینه‌یان هەر ده‌بڕی."
له هه‌رێمی كوردستان سێ پاڵاوگه هه‌یه و سێ ملیۆن و 200 هه‌زار لیتر به‌نزین به‌رهه‌م دەهێنن. بەڵام رۆژانە له كوردستان نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن لیتر به‌نزین بەکاردەهێنرێ.
هەورامی ئاشکرایکرد: رێگایان به كۆمپانیاكان داوه تا به‌نزین له توركیا و ئێرانەوە بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌یرانی سوته‌مه‌نی چاره‌سه‌ر بكه‌ن.