ھەولێر
د. محەمەد بازیانی سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژیییەکان کە بارەگای لە شاری هەولێرە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەوڵەتی کوردستان ئامادەیە و تەنیا راگەیاندنی ماوە، ئەم دەوڵەتەیش لە بەرژەوەندیی تورکیا دەبێ نەک بێتە مەترسی بۆ ئەو و دراوسێکانی دیکەی."
بازیانی پێشبینی دەکا لە شەش مانگ بۆ دوو ساڵی داھاتوو کورد لە عێراق دەوڵەتی سەربەخۆ دادەمەزرێنێ.
د. محەمەد بازیانی گوتی: "دیارترین ئەو فاکتەرانەی کە لە دروستکردنی دەوڵەتدا پێویستن، لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن لەسەروو هەموویانەوە فاکتەری ئابوورییە. چوار فاکتەر بۆ دروستکردن و دامەزراندنی دەوڵەت ھەن کە لە ھەرێمی کوردستانیشدا ھەیە، لەوانە فاکتەری ئابووریی، بەپێی دۆخی ئێستای ھەرێم کە کەرکوکیش دەگرێتەوە، نزیکەی ملیۆنێک بەرمیل نەوت ئاستی بەرھەمھێنانی دەبێ، نەوت کاریگەرییەکی جیھانیی ھەیە، دووەم کارتێنەکردن لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئاسایشی ناوچەکە باشتر دەپارێزێ، ئەزموونی ٢٢ ساڵی حوکمڕانی کوردی لە عێراق بەڵگەیەکی بەرچاوە، سێیەم فاکتەر ئاوە، کوردستان لە ئاودا دەوڵەمەندە بێجگە لە توانەوەی بەفری چیاکانی کە سەرچاوەیەکی باشە، بەنداوی گەورەشی ھەیە و پێویستی بە ئاو نییە، چوارەمیش فاکتەری دیفاکتۆیە کە عێراق ئێستا سێ پارچەیە کوردستان لە باکوور، دەوڵەتی ئیسلامی لە بەشێکی ناوەڕاست و شیعەکان لە بەغدا و خوارووی ئەم وڵاتە."
ھەرچی لەبارەی ئەو خاڵانەوەیە کە بە لاواز بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان ئەژمار دەکرێ، بازیانی بۆچوونی وایە دانپێدانانی نێودەوڵەتی رەنگە بەپێی پێویست نەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا قوبرس بە نموونە دەھێنێتەوە کە سەرباری دانپێدانەنانی، بەڵام وڵاتە و مامەڵەی دەوڵەتیشی لەگەڵدا دەکرێ.
بازیانی دانپێدانانی تورکیا بە دەوڵەتی کوردستان و بوونی لە چوارچێوەی کۆنفیدراڵییەتدا بە دەروازەیەکی باش دەزانێ، چونکە بە بڕوای ئەو تورکیاش پێویستی بە کوردستان دەبێ و دامەزرادنی دەوڵەتیش لە بەرژەوەندی ئەنقەرەیە.
لەو رووەوە زیاتر گوتی: "بەپێی نەخشەی وزە تا ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا پێویستی بە وزە ھەیە، بۆیە ئەو وزەیەی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە لەدوو رووەوە باشە، یەکەمیان پێداویستیی پڕدەکاتەوە، دووەمیشیان تورکیا ترانزێت لەگواستنەوەی نەوتەکەی وەردەگرێ، ئەوە بێجگە لەوەی بۆ تورکیا باشە وڵاتێکی وەکو کوردستان دراوسێی بێ ئاسایشی بپارێزێ، نەک وڵاتێک کێشەی تێدابێ."
بۆ ھەڵوێستی وڵاتانی زلھێزی جیهان، بازیانی کە تائێستا نزیکەی ١٥ توێژنەوەی لەسەر دەوڵەتی کوردستان و رێگری و بایەخ و کاریگەرییەکانی ئامادە کردووە، ھەڵوێستی ئەوان بە" دوو فاقی" ناو دەبا و دەڵێ: "ئەگەرچی ئەمریکا وا نیشان دەدا لەگەڵ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵام سەنتەرەکانی توێژینەوەیان پێشبینی ئەوە دەکەن عێراق دەبێتە سێ دەوڵەت. ئەگەر عێراق بۆ سێ ھەرێم دابەش بێ، لە ئایندەدا لە چوارچێوەی کۆنفیدراڵییەت لەگەڵ تورکیا یەکبگرنەوە. ئەگەر کورد بتوانێ دەوڵەتەکەی خۆی بێ خوێنڕشتن دابمەزرێنێ، بەپێی توێژینەوەکانمان لە شەش مانگ تا دوو ساڵی دیکە دەوڵەتی کوردستان ئاڵای خۆی بەرز دەکاتەوە، خۆ ئێستاش کورد دەوڵەتی ھەیە، بەڵام رانەگەیەنراوە. جێی ئاماژەیە لەم ماوەیەدا کورد ئامادەسازییەکانی خێرا دەکا."