Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2016
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر ئاشکرایکرد بەمەبەستی ئامادەكاریی بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، دوو لیوای هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە، مەشقیان پێدەکرێت و پڕچەك دەكرێن.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جەبار یاوەر گوتی: "لە چوارچێوەی پلانی ئەمریكا بۆ پڕچەككردنی هێزەكانی عێراق، نزیكەی ساڵێكە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، قۆناغەكانی مەشقپێكردن و پڕچەككردنی هەریەک لەلیوای یەك و دووی هێزەكانی پێشمەرگەی دەستپێكردووە".
یاوەر ئاماژەی بەوەشدا قۆناغەكانی مەشقپێكردن و پڕچەككردنی ئەو دوو لیوایەی هێزەكانی پێشمەرگە كە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا بەشداردەبن لە كۆتاییدایە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد، ئەو چەكانەی كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش داویانە بە دوو لیواكەی هێزەكانی پێشمەرگە چەكی پێشكەوتوون، بێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری چەكەكان بكات.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ئەمریكا دوای وەرگرتنی رەزامەندیی كۆنگرێس، رایگەیاند كە نۆ لیوای سەربازیی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق و سێ لیوای هێزەكانی پێشمەرگە پڕچەك دەكات، بۆ ئەو مەبەستەش ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند لەبارەی وردەكاریی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەپێی رێككەوتنەكەش هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەر لەدەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكە شارەكانی هەرێمی كوردستان وەك خاڵی كۆكردنەوەی هێزەکانیان بەكاردەهێنن.