Hamit Hüseyin
11 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێکی سەربازیی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی جەنەرال پۆل فانک کە بە مەبەستی کۆتاییھاتنی کار و ئەرکەکانی و ناساندنی شوێنگرەکەی، سەردانی سەرۆکوەزیرانیان کردبوو.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارێکدا جەنەرال فانک سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دامودەزگاکانی کرد بۆ ھاوکارییان لە کار و ئەرکەکانی و پوختەیەکیشی دەربارەی پاراستنی سەقامگیری و ھاوکارییکردنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە راھێنانی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی وەزارەت، پێشکەشکرد.
ھەروەھا لە ھەمان کاتدا جەنەرال پۆل جۆزێف لاکامێرای بە سەرۆکوەزیران ناساند کە لەمەودوا لە شوێنی ئەو وەک فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەست بەکار دەبێت و ھیوای خواست ئەو ئاسانکاری و ھاوکارییەی پێشکەش بەو کراوە، بۆ شوێنگرەکەشی بەردەوام بێت.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی رۆڵی جەنەرال فانکی کرد لە رابردوودا و دڵنیایکردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە ھاوکاری و ھەماھەنگی بۆ ئەوەی مەترسیی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا بنەبڕ بکرێت، ھەروەھا سوپاسی ھەوڵەکانیانی کرد لە بواری ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و ھیوای سەرکەوتنی بۆ ھەردوو بەڕێزان جەنەرال فانک، جەنەرال لاکامێرای خواست لە ئەرکی نوێیاندا و ھەر ئاسانکاری و ھاوکارییەکی بۆ ئەرک و کارەکانی شوێنگرەکەی دووپاتکردەوە.