هه‌ولێر
دوای زیاتر له هه‌شت سه‌عات له دیدار و گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسی وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان، له گۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی، ورده‌كاری گفتوگۆکەیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی هەرێمی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا خسته‌ڕوو.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ هاتینه په‌رله‌مان، وه‌ك لیژنه‌ی وزه له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان بۆ دوو بابه‌تی سه‌ره‌كی، یه‌كه‌م روونكردنه‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌تی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به شێوه‌یه‌كی گشتیی. دووه‌میش له‌باره‌ی پێدانی زانیاری له‌سه‌ر دواپێشهاتی به‌غدا و ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا."
بارزانی گوتیشی: "له‌م كۆبوونهوهیە به روونی باسمان له سیاسه‌تی وزه‌ی هه‌رێم كرد، بۆ نموونه ئێمه تا ئێستا چه‌ند نه‌وتمان فرۆشتووه نرخه‌كه‌ی چه‌ند بووه، به چ كۆمپانیایه‌ك فرۆشراوه و داهاته‌كه‌ی چۆن گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، سه‌باره‌ت به دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ك ههموول ایهك ئاگاداره، ئێمه دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی، هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستی ئه‌وه بووه كه هاوكاری ئه‌و كابینه نوێیه بكه‌ین، هه‌روه‌ها به‌شداریشمان كرد له‌و حكومه‌ته و چووینه به‌غداش."
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی باسی كێشه‌ی بودجه‌ی كرد له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و گوتی: "له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌نجام له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه هه‌روه‌ك هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێ دوای راگه‌یاندنی كابینه سه‌رۆكوه‌زیران به‌ڵێنی ناردنی سلفهیهكیدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، دواتریش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ پرسی ناردنی نه‌وت له رێی سۆمۆوه جێبه‌جێ بكا، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا سه‌رۆكوه‌زیران عه‌بادی پابه‌ندی ئه‌و قسه‌یەی خۆی نه‌بووه، كه باسی كردووه و هیچ بودجه‌یه‌كی ره‌وانه‌ی هه‌رێم نه‌كردووه."
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ره‌خنه‌ی له سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گرت و گوتی: "پێشتر عه‌بادی بیانووی ئه‌وه بوو وه‌زیره كورده‌كان به‌شدار نین، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیره كورده‌كانمان ناردەوه بۆ به‌غدا، كه‌چی سه‌رۆكوه‌زیران هیچ پاره‌یه‌كی ره‌وانه‌ی هه‌رێم نه‌كردووه."
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ: "دوا پێشنیار ئه‌وه‌یه بڕیاره وه‌زیری نه‌وتی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌ردانی هه‌رێم بكا بۆ ئه‌وه‌ی پێنشارێك له‌گه‌ڵ خۆی بێنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، بێگومان باسی پێشنیاری نوێی عێراقیشمان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كردووه."
سه‌باره‌ت به ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له قۆناغی ئێستادا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووساندا و گوتی: "له ئێستا رۆژانه زیاتر له 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ین، به‌و هیوایه‌ین ئه‌و ژماره‌یه له كۆتایی ساڵ زیاتر بكه‌ین."
بارزانی گوتیشی: "ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه گرنگه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر سیاسه‌تێكی راست ده‌ڕوا، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌و ژمارهیری كه له ئاینده داهاتی هه‌رێمی كوردستان به نه‌وتی خۆمان دابین بكه‌ین."
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێیوایه هه‌رێم و به‌غدا ته‌نیا كێشه‌یان له‌سه‌ر نه‌وت نییه، به پێچه‌وانه‌وه ماده‌ی 140 و پرسی پێشمه‌رگه و بودجه و نه‌وتیش، هه‌موو ئه‌وانه كێشه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ته‌جروبه‌یه‌كی ناخۆشمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه، كێشه‌كان له به‌غداوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، بۆ نموونه بڕینی مووچه له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بووه، ئێستا به‌غدا مووچه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشن خه‌رج ده‌كا، كه‌چی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان نادا، ئه‌مه زۆر عه‌زێتی خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی داوه، من دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كاتێ ئه‌وان مووچه‌ی هه‌رێمیان بڕی، ئێمه هیچ نهوتَێكمان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه نه‌كردبوو. یه‌ك لایه‌نه بڕیاریاندا."
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتیشی: "ئه‌وه‌ی به‌لای هه‌رێمی كوردستانه‌وه گرنگه، پێویسته میكانزمێك دابڕێژرێ و ئه‌و رووداوانه‌ی له رابردوو و ئێستادا هه‌ن، دووباره نه‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌غدا پێیوایه ده‌بێ ئێمه هه‌رچی نه‌وت هه‌یه بیده‌ینه ده‌ستی سۆمۆ، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و كاره ناكه‌ین."
سه‌باره‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "به‌و سیاسه‌ته‌ی كه ئێستا هه‌یه تا راده‌یه‌كی باش توانیومانه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابه‌ش بكه‌ین، له هه‌وڵی ئهوهدایهن به‌رنامه‌یه‌كی باشتر دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام دابه‌شكردنی مووچه نه‌بێته هه‌واڵ."
سه‌باره‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆی بازرگانی به‌رپرسان و بازرگانانی كورد كه بارزگانییان كردووه له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بارزگانی له‌گه‌ڵ داعش به خیانه‌تی نیشتمانیی ده‌زانین، ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نی په‌یوه‌ندار لیژنه‌ی پێكهێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه‌ی روون ببێته‌وه."
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیکە له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و عێراق، به تایبه‌تی له ئێستادا به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات دیدار و چاوپێكه‌وتن ئه‌نجام ده‌ده‌ن. سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێمانخۆشه په‌یوه‌ندی هه‌موو وڵاتێكی دراوسێ په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی و باش بێ، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی توركیا و عێراقیش ئه‌وان دوو وڵاتی دراوسێن و به پێویستی ده‌زانین په‌یوه‌ندییان باش بێ."