Zana Natık Kerem
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "داوا دەکەین ئەو فیدراڵییەی لە دەستووری عێراقدا ھەیە، بخرێتە ناو یاساکانی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوەندییەوە بە کردەوە ببێتە فیدراڵی. ئێمە بەشێکی سەرەکین لە حکوومەتی ئێستای عێراق و باشترین چارەسەر، چارەسەری ناوخۆی عێراقیانەیە".
بارزانی گوتیشی، بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی لە پاریس لەبارەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ کێشەی نەوت دابنێن.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی ڕێوڕەسمێکدا بە بۆنەی دەستبەکاربوونی ھەردوو فیرقەی (یەک) و (دووی)ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و لە میانیدا باسی ئەو رێکەوتنەی کرد کە ئەمڕۆ لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان واژوو کرا و رایگەیاند "دوای لێکەوتەکانی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی لە پاریس دەربارەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئێمە پێمان وایە ئەو بڕیارە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ کێشەی نەوت دابنێن، بڕیارەکە مافی دەستووریی ھەرێمی کوردستانی لە دۆسیەی نەوتدا سەلماندووە، بۆیە ئێستا ھەموومان دەتوانین باشتر بگەینە چارەسەرێک کە ھەمووان تیایدا براوە بن".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوای کرد، ئەو فیدراڵییەی کە لە دەستووری عێراقدا ھەیە، بخرێتە ناو یاساکانی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق و گوتی: "دوای پەسەندکردنی دەستوور، ئێمە بەردەوام داوای دەرچوونی یاسای نەوت و گازمان کردووە، چونکە تەنھا ئەم یاسایە دەتوانێت مادەی (١١٢)ی دەستوور بە باشی ڕێکبخات، ئێستاش داوا دەکەین ئەو فیدراڵییەی لە دەستووری عێراقدا ھەیە، بخرێتە ناو یاساکانی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوەندییەوە بە کردەوە ببێتە فیدراڵی".
نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی ھەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی دووپات کردەوە و رایگەیاند "ئێمە بەشێکی سەرەکین لە حکوومەتی ئێستای عێراق، بەپێی رێککەوتنی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی فیدراڵیی، ئێمە ھەموو پشتگیرییەک لە سەرۆکوەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و کارنامەی حکوومەتەکەی دەکەین، لە گفتوگۆی نێوانماندا واقعبینی و ویستی زۆری بۆ چارەسەر نیشانداوە، ئەم تێڕوانینەی ئەو، وایکردووە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پشتیوانیی بەڕێزیان بکەین".
گوتیشی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لێکگەیشتنی باشیان ھەیە، ھاتووچۆیەکی باشی شاندەکان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەروەھا وەزیرانی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵیی کاراترن و لەسەر کێشەی نەوتیش توانیویانە گفتوگۆی زۆر باش پێکەوە بکەن.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ بەڕێگایەکی راست دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەمبارەیەوە رایگەیاندووە "گفتوگۆکان لەسەر رێگایەکی راستن، بەڕێز سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش ھەبێت بۆ کێشەی نەوت، پێمان وایە باشترین چارەسەر، چارەسەری ناوخۆی عێراقیانەیە، گەشبینم کە بگەینە رێککەوتن، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، دەرگا بۆ چارەسەرکردنی زۆر کێشەی دیکە دەکاتەوە، ئەوەیش لە بەرژەوەندیی وڵات و ھەموو پێکھاتەکانیدایە".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەیشداوە "ھیوادارین لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا ھەموو لایەک بە دڵێکی پاکەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ ھەموو کێشەکان، ئێمە ئامادەین بۆ ھەموو ھاوکاری و لێکگەیشتن لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، چارەسەری کێشەی نەوت و پەسەندکردنی بوودجە، ھەواڵێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق".