Hemin Hüseyin
10 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە: "یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ کۆمەککردنی ئاوارەکان و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە پاککردنەوەی شارەکان و دواتر ئاوەدانکردنەوە و پاشان گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و ئەوان دەزانن کە هەرێمی کوردستان تواناکانی سنووردارە و بێگومان داوامان کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ گەڕانەوەی ژیان لەو ناوچانە".
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لەبەغدا، کلارێس پارتسوری سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لە هەولێر کرد بە ئامانجی تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوکات باسکردن لە بارودۆخی ئاوارەکانی شاری مووسڵ و هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی سەردانەکە و ئاماژەی بە تەوەرەکانی دیدارەکە دا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەعدی پیرە گوتی: "ئەو سەردانەی نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا کۆمەڵێک تەوەری لەخۆ گرتبوو کە گفتۆگۆی لەسەرکرا و تەوەری سەرەکی دیدارەکەش بریتیی بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە گشتی و بارودۆخی شاری مووسڵ و هاتنی ئاوارەکان بەتایبەتی".
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "دوای دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری یەکیتیی ئەورووپا، داوامانکردووە کە پێویستە یەکیتیی ئەرووپا بەردەوام هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بکات لە شەڕی دژبە داعش و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان و بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستییان بە پاڵپشتی هەیە و بەڕێز کلارێس بەڵێنی ئەوەی دا کە بە جددی کار لەسەر ئەوە بکات یەکیتیی ئەورووپا زیاتر بەردەوام بێت لە هاوکاری و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بە چۆڵکردنی ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی دەکەن بە تایبەت لەو ناوچانەی لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "سەرکردایەتی سیاسیی کورد گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو شوێنانەی دەکەونە دەرەوەی ماددەی 140، ئەوا هێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی کاتی لێی دەمێنێتەوە تاوەکو هێزێک درووست دەبێت و پاراستنی ئەو ناوچانە لە ئەستۆ دەگرێت هاوکات شوێنەکانی دیکەی ناوەوەی سنووری ماددەی 140 هێزەکانی پێشمەرگە بە جێگری لێی دەمێنێتەوە و چۆڵی ناکات".
دوو رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٣٧ ھەزار خەڵکی سڤیلی مووسڵ ماڵەکانییان جێ ھێشتووە و ئاوارەی کەمپەکان بوون.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاشکراشی کرد کە یەکیتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان چونکە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا هاوکاری ئاوارەکانی کردووە و لە ئێستادا توانای ئەو هاوکارییە لەلایەن هەرێمەوە کەم بووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی:یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ کۆمەککردنی ئاوارەکان و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە پاککردنەوەی شارەکان و دواتر ئاوەدانکردنەوە و پاشان گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و ئەوان دەزانن کە هەرێمی کوردستان تواناکانی سنووردارە و بێگومان داوامان کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ گەڕانەوەی ژیان لەو ناوچانە و ئەوانیش بەڵینییان داوە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە پێی وایە کە دوای رووخانی رژێمی بەعس تیرۆر لە شاری مووسڵ سەریهەڵدا و هەر ئەوەش زەمینەیەکی رەخساند کە تیرۆریستانی داعش بتوانن بە ئاسانی دەست بەسەر ئەو شارەدا بگرن و خەلافەتی لێ رابگەیەنن. هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان مامۆستایەکی شارەزایان راسپاردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی پێکەوە ژیان بۆشاری مووسڵ ئامادە بکات، بەڵام ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەو پڕۆژەی پێکەوەژیانە لەناو شاری مووسڵ بە سەرکەوتوو نازانێت و داوا دەکات مووسڵ بکرێتە دوو پارێزگا.
سەبارەت بە مووسڵی دوای داعش، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "لەدوای رووخانی رژێمی بەعس ماوەی دوو ساڵ لە شاری مووسل بووم و باشتر ئەو شارە دەناسم، بۆیە تیرۆرلە شاری مووسڵ پێش هاتنی داعش دەستی پێکرد دژی ئێزدییەکان و مەسیحییەکان و ئەو نیەتەی شەڕکردن لەناو شاری مووسڵ هەیە، خەڵکی مووسڵ دوای رووخانی رژێمی بەعس دەنگیان نەدا بۆ دەستووری نوێی عێراق و دژی ئەو کارە بووون، کەواتا شاری مووسڵ زەمینەیەکی هەبووە بۆ ئەوەی داعش بتوانێت وا بە ئاسانی پەلاماری بدات و خەلافەتی لێ رابگەیەنێت و ببێتە خاوەنی دەیان هەزار چەکدار و پارەیەکی زۆر، بۆیە ئێزدییەکان و مەسیحییەکانی شاری مووسڵ جارێکی تر ئەو متمانە لەلایان دروست نابێت کە بتوانن لە زەمینەیەکی پێکەوەژیاندا بژین، بۆیە ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان مامۆستایەکی شارەزای هێناوە بەناوی، دکتۆر پێتەر بۆ ئەوەی پڕۆژەیەک ئامادە بکات بۆ پێکەوەژیان لە مووسڵی دوای داعش، بەڵام من پێموایە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە مووسڵ بکرێت بە دوو پارێزگا کە یەکێکیان کورد و تورکمان و مەسیحی تێیدا بژین و عەرەبەکانیش لە پارێزگایەکی دیکەدا بژین، ئەگەرنا پارێزگایەکی یەکگرتوو لە مووسڵ سەرکەوتوو نابێت.
لە رۆژی 17/10/2016 ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و بە پشتیوانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دەستی پێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەشی راگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکە تاوەکو ئێستا هیزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق بە دەیان گوند و شارۆچکەیان لە دەورووبەری مووسڵ کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، سەرباری ئەوەی هێزەکانی عێراق ئێستا گەیشتوونەتە چەند گەڕەکێکی رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ.