Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە شاری سلێمانی ئەنجامیدا، سەرەتا باس لە دەرەنجامی سەردانێکی بۆ ئەورووپا و بەشداری حزبەکەی لە کۆبوونەوەی حزبە سۆسیال دیموکراتەکانی جیھان کرد، ئەو لە بارەی تێڕوانینی ئەوان بۆ ھەرێمی کوردستان دوا و گوتی: "ئەوان پشتیوانی لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و پشتیوانی لە خەونەکانی ھەرێم دەکەن و پێیان وایە خەونی واقیعین، چۆن ئەڵمانیا لە کاتی پێش رووخانی دیواری بەرلین خەونی ھەبوو کە دواتر ھاتە دی، خەونی خەڵکی کوردستانیش رۆژێک دێت بێتە دی، بەڵام خەڵکی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵات پێویستە کارێک بکات کە بگونجێت و پێچەوانەی شەپۆلەکان مەلە نەکات، چونکە ھەموو دنیا ئەوکاتە گوتی ئێستا نەکرێت، بەڵام ئێمە ریفراندۆممان کرد، ریفراندۆممان کرد لە کاتێکیدا کە ئێمە ناوچەیەکی داخراوین و ھیچ وڵاتێکی کوردی گەورە و ھیچ دەسەڵاتێک لەسەر سنوورمان نییە، ھەروەھا نە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی کە پردێکی ئاسمانیمان بۆ دروست بکەن، نە ئێمە لەسەر دەریاشین، بۆیە دەبوایە پێش ئەوەی ئەو بڕیارە بدەین سەیرێکی جوگرافیامان بکردایە بە باشی".
سەعدی ئەحمەد پیرە لە بەشێکی تری کۆنگرەکەیدا گوتی: "پێویستە خەڵکی ھەرێمی کوردستان رێز لە دەستووری عێراق بگرێت کە خۆی دەنگی پێداوە و دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بە کراوەیی بھێڵیتەوە، ئەوان خۆشحاڵن بەوەی ھەرێمی کوردستان دەڵێت رێزم ھەیە بۆ بڕیاری دادگای دەستووری و دەرگام لەسەر پشتە بۆ گفتوگۆکردن".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بارەی داواکاری حکوومەتی رزگاری نیشتمانی دوا و گوتی: "لەم ماوەیەی دوایی زۆر باس لە حکوومەتی رزگاری نیشتمانی و کاتی دەکرێت کە زۆر سەیرە بە لامەوە، ئێمە پاش چەند مانگێکی تر دەڵێین ھەڵبژاردن، ئەگەر ئێستا حکوومەت دەگۆڕدرێت و حکوومەتێکی کاتی پێکدەھێنیت فریای ھیچ دەکەوێت تا کاتی ھەڵبژاردن لە کاتێکدا باش دەزانین بڕیاری ئەمریکا و ئەورووپا دەڵێن ئێمە پشتیوانی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ناو سەرۆک و جێگرەکەی دەکەین کە ناویشی ھێناون تاوەکو جارێکی تر تووشی داوی لایەنە سیاسییەکان نەبن".
گوتیشی: "ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی پشتیوانی لە حکوومەتی ئێستا دەکەین و پێمان خۆشە سەرکەوتوو بێت و ھەرچی زووە ھەڵبژاردن بکرێت، دواتر بە پێی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن ئەگەر پێویستی کرد دەستاودەستی دەسەڵات بکرێت".
لە بارەی کێشەکانی ناوخۆی حزبەکەشی، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی یەکێتی پێویستە کۆنگرە دەست پێ بکات، رەنگە ئەو کێشانەش بە کۆنگرەیەک چارەسەر نەبن، چونکە ئەو کێشانە کێشەی کەڵەکەبووی دەیان ساڵە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایی کە مام جەلال لە بەغدا بوو وەک سەرکۆماری عێراق".
ئەو وادەی دیاری کراوی بەستنی کۆنگرەی باس نەکرد، بەڵام ئاماژەی کرد بەوەی رەنگە مانگ و نیوێک تا دوو مانگ پێش ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان عێراق کۆنگرە ئەنجام بدرێت و بکرێتە میھرەجانێک وەک بانگەشەی ھەڵبژاردنەکە.
بەرپرسەکەی یەکێتی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان و لە بارەی راگەیاندنەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ناونەھێنانی پێشمەرگە لەو سەرکەوتنانەدا کە عێراق دژ بە داعش بەدەستی ھێنا، نیگەرانی حزبەکەی نیشاندا و گوتی: "عەبادی و ھیچ کەسێکی تر ناتوانن رۆڵ و کاریگەری پێشمەرگە لە بیر بکاتەوە و لە بیر بەرن، عەبادی بەم قسەیە نە بەرز دەبێت و نە بەھێز دەبێت، بەڵکو خۆی لاواز دەکات".
ئەو لە بارەی کێشەکانی خورماتوو بە نیگەرانییەوە باسی لە مامەڵەی بەرپرسانی حکوومەت و حەشدی شەعبی بەرامبەر دانیشتووانی شارەکە کرد و گوتی: "ئەوەی لەوێ روویداوە بەعسییەکان و مەغۆلیش ھەر ئاوەھا کاریان کردووە کە کارێکی زۆر خراپە، داوا کراوە لە حکوومەت و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە بەداخەوە تا ئێستا ھیچیان بە ئەرکی خۆیان ھەڵنەستواون کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەن لەسەر ئەوەی روویداوە".
سەعدی پیرە کە لە ئەڵمانیا سەردانی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی حزبەکەی کردووە لە نەخۆشخانە و لە نزیکەوە ئاگاداری باری تەندروستی کۆسرەت رەسول عەلی-یە، لە بارەی تەندروستی ئەوەوە گوتی: "دۆخی تەندروستی زۆر باشە و بەتەواوەتی ئاگاداری خۆیەتی و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کراوە، خوازیاری ئەوەین دوای سەری ساڵ بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان".