Dlshad Saifaalddin Ahmed
10 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2018
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لە شاری سلێمانی لە بارەی كۆتایهاتنی وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەنگدانی تایبەت و دواین گۆڕانكارییەكان دوا.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرەتا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچووە و كێشە و گرفتێكی ئەوتۆ نەبووە كە ببێتە هۆی پەكخستنی پڕۆسەكە.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگدەر چاوەڕوانی ئەوە لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكات لەوێ پێكەوە یەك گرووپی كوردستانی دروست بكەن بۆ پێداگیری و داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان و پێداگیری لە یاسا و رێساكان".
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە هەروەها گوتی:" ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تر نیگەرانین لە هەڵە تەكنیكییەكان كە لەم پڕۆسەیەدا روودەدات، ئەمڕۆ لە چەند ناوەندێكی دەنگدان ئاگادار كراین كە ئامێرەكان وەك پێویست كار ناكەن، ئەوەش هەڵەیەكی تەكنیكییە و كێشەیەكی سیاسی نییە و زۆر پێویست بەوەش ناكات نیگەران بن و سەنگەر لە یەكتر بگرن، هەوڵ دەدرێت ئەو هەڵەیە لەگەڵ بەغدا و لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەر بكرێن".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، كڕینی كاندید لە لایەن بەشێك لە لایەنەكانەوە دیاردەیەكی ناشیرینە و پێویستە ئەو دیاردەیە بە كۆتا بێت و لەبری پارەی ئەوە گەڕەكێك ئاوەدان بكرێتەوە.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی گوت "وەك یەكێتی ئامادەین لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان دابنیشین و بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن هەموو لایەكمان پێكەوە بە چ بەرنامە و پڕۆژیەكەوە بە هاوبەشی لە بەغدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوێ لەسەر پرسە گرنگ و چارەنوسسازەكانمان گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین".