سياسەت, عێراق

ناوەڕۆكی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران

راگەیەندرا كە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران پەیامێكی زارەكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گەیاندووەتە سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی كە پەیوەست بووە بە پێشهاتەكانی ناوچەكە.

Zana Natık Kerem  | 28.09.2020 - نوێکردنەوە : 28.09.2020
ناوەڕۆكی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئێران

Arbil

هەولێر ــ AA

راگەیەندرا كە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران پەیامێكی زارەكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گەیاندووەتە سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی كە پەیوەست بووە بە پێشهاتەكانی ناوچەكە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێكدا وردەكاری سەردانەكەی فوئاد حوسێنی بۆ تاران خستوووتەڕوو و رایگەیاندووە كە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران سەرەتا لەگەڵ سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی و دواتر لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی، محەمەد جەواد زەریف كۆبووەتەوە و دواتر چاوی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێران، محەمەد باقر قالیباف كەوتووە و پاشان لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی كۆبووەتەوە.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەیشداوە كە فوئاد حوسێن پەیامێكی زارەكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گەیاندووەتە سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی كە پەیوەست بووە بە پێشهاتەكانی ناوچەكە و جگە لەوەیش پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتییان لەسەرجەم بوارەكاندا تاوتوێكردووە.

بەپێی راگەیەندراوەكە فوئاد حوسێن ستایشی رۆڵی ئێرانی كردووە لە پاڵپشتیكردنی عێراق، هەروەها هەردوولا سەبارەت بە گرنگترین دۆسیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان كردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف ئەوەیشی خستووتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەی فوئاد حوسێن و هاوتا ئێرانییەكەی، محەمەد جەواد زەریف پرسەكانی تایبەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پرسەكانی هەرێمیی، هەروەها پێشهاتەكانی نێودەوڵەتییان تاوتوێكردووە.

ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە كە لە كۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن دیدوبۆچوونی حكوومەتی وڵاتەكەی لە مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەدییەكانی ئێستا روونكردووەتەوە و جەختی كردووەتەوە كە عێراق لەگەڵ ئەوەدایە ناكۆكییەكان بە ئاشتی چارەسەر بكرێن.

ئاشكراشیكردووە كە لە دیداری فوئاد حوسێن لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێران، محەمەد باقر قالیباف ئەو تەحەدیانەی كە بەرەوڕووی ناوچەكە بووەتەوە خراونەتە بەرباس، هەروەها دوایین پێشهاتەكانی هەرێمیی تاوتوێكراوە و جگە لەوەیش بیروڕا سەبارەت بە تەحەدییەكانی ئێستای ناوچەكە ئاڵوگۆڕكراوە.

باس لەوەشكراوە كە لە دیدارەکەدا، سەبارەت بە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەكانی گفتوگۆكراوە.

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەیشداوە كە لە كۆبوونەوەكەی فوئاد حوسێن لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی رەوشی ئێستای ناوچەكە تاوتوێكراوە و لای خۆیەوە عەلی شەمخانی پاڵپشتی حكوومەتی ئێرانی بۆ عێراق دووپات كردووتەوە.

راشیگەیاندووە كە لە كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە گرنگە پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەگەڵ حكوومەتەكەی مستەفا كازمی هاوكاربن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی كە بەرەوڕووی عێراق بوونەتەوە، چونكە ناكۆكییەكان لە عێراق كاریگەری خراپیان لەسەر سەقامگیری ناوچەكە دەبێت

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بۆ ئێران كە رۆژی شەممەی رابردوو ئەنجامدرا، ماوەی دوو رۆژی خایاند.

هەفتەی رابردوو فوئاد حوسێن سەردانی ئەورووپای كردبوو كە لە میانیدا بە جیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەلجیكا كۆبووەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın