Fakhradin Ibrahim Mohammad
15 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی داوای یەکڕێزی و تەبایی لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و هیوادارە هەموو کێشەکانی ناوچەکە بە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.
بە بۆنەی ٧٤مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد.
سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا، وێڕای پیروزبایی ٧٤مین سالیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان ناو دێنێت و دەڵێت: "وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە هەموو ئازادیخوازێکی لە ژێر چەتر و ڕێبەرایێتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆ کردەوە و روحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەمو نیشتمانپەروەرێکدا زیندوو کردەوە".
مەسروور بارزانی لە پەیامەکەیدا هەروەها باسی لە دۆخی خراپی دارایی و تەندروستی هەرێمی کوردستان کردووە و رادەگەیەنێت، "ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین ڕێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین".