Sarmand Hameed
28 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر-AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا فرەڕەهەند و فراوانن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئهو وڵاته لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بووە" و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان نهمێنن.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینکەی راگەیاندنی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانی لە میانی بەشداریی لە دوا پانێڵی ديداری ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (MERI) بە ناونیشانی (حكوومەتی هەرێم روو بەرەو ئایندە: ستراتیژەكان، بەربەست و دەرفەتەكان)، باسی بابەتەکانی پەیوەندار بە رۆژەڤ کرد.
سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان سهبارهت به پهیوهندییهكانی ههرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا و ئهو كێشانهی به هۆی رێکخراوی تیرۆریستی پهكهكهوە رووبهڕووی ههرێمی كوردستان دهبنهوه، گوتی: "ئێمه پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا فرەڕەهەند و فراوانن و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئهو وڵاته لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بووە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەنگاوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە ناوچەکە، گوتی: "پەکەکە دەیەوێت ببێتە بەدیلی دامەزاوە دەستوورییەکان و بە زەبر و زۆر خۆی بەسەر خەڵکی هەندێک ناوچەدا سەپاندووە".
گوتیشی "بەهۆی ململانێکانی تورکیا و پەکەکە، تا ئێستا ٨٠٠ گوند ئاوەدان نەکراونەتەوە و پەکەکە بیانووی داوەتە دەست تورکیا بۆ هێرش کردن".
ههروهها گوتی: "ئێمه نامانەوێت ململانێی تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بمێنێت، پێویستە پەکەکە لەو ناوچانە نەمێنێت".
مەسرور بارزانی لەبارەی هۆکاری جێبەجێ نەکردنی رێکەوتنی شنگال و بوونی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال گوتی: "بەگوێرهی رێککەوتنی شنگال، دەبێت هەموو هێزە نایاساییەکان شنگال جێبهێڵن و ئاسایشی شنگال بدرێتە دەست خەڵکەکەی، لەكاتێكدا پەکەکە و هێزە لە یاسا دەرچووەکان کۆنترۆڵی شنگالیان کردووە و بهو هۆیهشهوه رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە" و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رێگه به کاندیدەکانی شنگال نهدرا لە شارەکەی خۆیاندا بانگەشە بکەن.