Heman Hussein Yaseen
04 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە کۆنسولی گشتیی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان، دەیڤد ھانت کرد کە بە مەبەستی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، مەسرور بارزانی سوپاسی کۆنسولی گشتیی بەریتانیای کرد کە لە ماوەی کارکردنییدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھەرێم و شانشینی یەکگرتوو کردووە و ھیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داھاتوویدا بۆ خواستووە.
ئەوەیشی خستووەتە روو کۆنسولی گشتیی بەریتانیا ئاماژەی بە پەیوەندیی بەھێزی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتی دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم بۆ بەریتانیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کە بووە وەرچەرخانێک لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوان ھەردوولادا.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە دیدارەکەدا، کۆنسولی گشتیی بەریتانیا سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕیووە لەبارەی کارئاسانی و ھەماھەنگیکردنی لەگەڵ کۆنسولخانەی وڵاتەکەیدا.
راشیگەیاندووە کە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.