Sarmand Hameed
14 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر، ستیڤ فەیگن کرد.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارەکەدا ،گفتوگۆ دەربارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە. کونسوڵی گشتی ئەمریکا ستايشی رێکارە سەرکەوتووەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی سەختی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێم پلانی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەسەند کردووە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان.
لە بارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور بە شێوەیەک کە ئەرک و مافەکانی هەرلایەک دیار و پارێزراوبن.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستاندا. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی هەرێمی کوردستان و عيراق بکەن لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.