Heman Hussein Yaseen
07 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا سەرکۆنەی تیرۆرکردنی ھیشام ھاشمی توێژەرەکەی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا، وێڕای سەرکۆنەی تیرۆرکردنی ھیشام ھاشمی سەرەخۆشی لە کەسوکاری کردووە و ھیوای خواستووە کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەزووترین کات بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی-دا ھاتووە "تیرۆرکردنی شرۆڤەکاری سیاسیی و کاروباری ئەمنیی عێراقی، ھیشام ھاشمی بەتوندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ھاتووە "پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی و ھاوکارانی دەکەم، ھیوادارم ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەزووترین کات بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن".
دوێنێ دووشەممە شرۆڤەکاری بواری ئەمنیی، ھیشام ھاشمی لە بەردەم ماڵەکەی لە ناوچەی زەیونە لە شاری بەغدا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوە، تیرۆرکرا.
ھیشام ھاشمی ساڵی ١٩٧٣ لە بەغدا لەدایکبووە و شارەزا و شرۆڤەکار بووە لە بواری گرووپە چەکدارەکان و چەندین لێکۆڵینەوەی لەوبوارەدا ھەبووە.