Hawkar Yaseen
17 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
هەولێر AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی کە بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بەڕێوەچوو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیاردرا مووچەی ئەم مانگە بەپێی میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی لەزووترین کاتدا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت.
راشیانگەیاندووە "پاش رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی دۆخی دارایی ھەرێم، بڕیاردرا مووچە بەپێی ئەو داھاتەی كە لەبەردەستە لەزووترین کاتدا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، بۆ لەمەودواش پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ داھاتی مانگانە و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مووچە لە کاتی گونجاودا دابەش بکرێت بە پشت بەستن بەداھاتەكانی ھەرێم كە داھاتی نەوتی و نا نەوتی و ئەو بڕە پارەیەی كە لە بەغداوە دێت بۆ ھەرێم، ھەموو مانگێک رێژەی مووچە بەپێی داھات دەبێت".
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رایانگەیاندووە "گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستیی و رێکار و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کرا کە بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی مەترسیداردایە و ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان بن".