Zana Natık Kerem
29 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 30 مای,س 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی دژە تیرۆر، نەقیب نەسیر ئەللامی رایگەیاند كە هێزە عێراقییەكان لە پێشڕەوییەكانیاندا لە بەشی راستی مووسڵ رووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەست بوونەتەوە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی کە مەدەنییەكان پابەندی رێنمایی و ئامۆژگاریەکانی هێزە ئەمنییەكان نیین كە داوایان لێكردبوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێ بهێڵێن و ھەڵبێن.
نەسیر ئەللامی بۆ ئاژانسی ئانادوڵو گوتی: "هێشتا بە هەزارەها كەسی مەدەنی لە ناوچەكانی مووسڵی كۆن گیریان خواردووە و زانیارییمان هەیە كە داعش رێگەیان پێ نادات لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە و هەڵبێن بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێرەوی ئارامیان كردووەتەوە كە ئەو مەدەنییانە دەتوانن بە سەلامەتی لێوەی هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن".
نەسیر ئەللامی گوتیشی: "مانەوەی ئەو مەدەنییانە لە ماڵەكانی خۆیاندا بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان دروست دەكات و هەروەها چەكدارو قەناسبەدەستەكانی داعش لەناو خانووی مەدەنییەكان خۆیان حەشار دەدەن و تەقە لە هێزە ئەمنییەكان دەكەن بۆیە ناتوانرێت لەبەر گیانی مەدەنییەكان ئەو خانووانە بۆردومان بكرێن".
دوێنێ فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بە هەزارەها بڵاوكراوەیان بۆ دانیشتوانی گەڕەكەكانی، زەنجیلی، شیفا، تەندروستی و ناوچەی مووسڵی كۆن فرێدابووە خوارەوە و داوایان لێكردبوون كە دەتوانن لەو رێرەوە ئارامانە هەڵبێن كە هێزە ئەمنییەكان دیاریان كردووە.