Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە سوورن لەسەر ئەوەی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنن.
موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا نووسیوویەتی "حکوومەتی داھاتوو، حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دەبێت، نە رۆژھەڵاتیی نە رۆژئاوایی".
سەرکردەی رەوتی سەدر لە تویتەکەیدا، زانیاری زیاتری لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت شەوی رابردوو، موقتەدا سەدر لە نەجەف لەگەڵ شاندێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت بەسەرۆکایەتی سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری کۆبوویەوە، بێ ئەوەی ھیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوبکرێتەوە.
تا ئێستا سێ کۆبوونەوە لەنێوان شاندی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و موقتەدا سەدر ئەنجام دراون، بەڵام هەردوولا نەگەیشتوون بە رێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.