Zana Natık Kerem
08 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە حکوومەتی نوێی عێراق، حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دەبێت کە تیایدا شیعە، کورد و سوننە بەرگریی لە مافی یەکتر و مافی کەمینەکان دەکەن و گوتی: " ھیچ شێونێک بۆ میلیشیاکان نییە و ھەمووان پاڵپشتیی لە چاکسازیی، سوپا، پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان دەکەن".
موقتەدا سەدر لە دوایین تویتدا لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ ھیچ شوێنێک بۆ تایفەگەریی و رەگەزپەرستی لە عێراق نییە و حکوومەتی نوێی عێراق، حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی دەبێت کە تيایدا شیعە، کورد و سوننە بەرگریی لە مافی یەکتر و مافی کەمینەکان دەکەن".
راشیگەیاندووە: "ئەمڕۆ ھیچ شوێنێک بۆ گەندەڵکاران و گەندەڵیی نییە، سەرجەم لایەنەکان پاڵشتیی لە چاکسازیی دەکەن".
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەروەھا نووسیوویەتی: "ھیچ شێونێک بۆ میلیشیاکان نییە و ھەمووان پاڵپشتیی لە سوپا، پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان دەکەن".
موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەیشداوە کە یاسا بە دادگای پاک و بێگەردی عێراقی، سەرەوەر دەبێت و نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ ئێمە و گەلی عێراق دەڵێن، نا بۆ شوێنکەوتەیی و بڕیارەکانمان، بڕیاری عێراقی شیعی، سوننی، کوردی، تورکمانی، فەیلی، شەبەکی، ئێزدی و سائیبی دەبێت".
ئەوەیشی نووسیووە: "عێراق بە دەوڵەتێکی نیشتمانیی دەمێنێتەوە، نا رۆژھەڵاتی و نا رۆژئاوایی".
ئەمەیش لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز بکرێت کە لە میانیدا، ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاسایی دەخون و دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوو جیگرەکەی ھەڵدەبژێردرێن.
رۆژی دووشەممە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو تانانەی رەت کردەوە کە لە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکە درابوون و ئەنجامەکانیشی پەسەند کرد و ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆماری کرد.
دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆستە باڵاکان وەک نەریتێکی سیاسیی کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە بەسەر پێکھاتە سەرەکییەکان لە عێراق دابەش بوون.
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییە، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرکۆماریش پشکی کوردە.
ئەمجارە رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵدەدات حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنێت کە ئەوەیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥وە روودەدات، بەڵام پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی شیعە رەتدەکرێتەوە.