Rewa Mahmood Hasan
22 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2022
سلێمانی - AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، موسەننا ئەمین رایگەیاند "سروشتی دادگای باڵای فیدراڵیی سیاسییە، دۆسیەکەش سیاسییە، بەو واتایە نا کە بە مەرامی سیاسیی کراوە، بەڵام سروشتی دادگای دەستووریی باسکردنە لە چارەسەری کێشەی دەستووریی، کێشەی نێوان هەرێمەکان، پارێزگاکان و حکوومەتی ناوەند، واتە باسی حوکمڕانی و سیاسەتە".
موسەننا ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرەتا لەبارەی پرسی بە سیاسییکردنی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم، گوتی: "من زیانیاریم نییە کە بابەتەکە بە سیاسیی جوڵێندرابێت، بەڵام سروشتی دادگاکە و دۆسیەکەش سیاسییە، بەو واتایەی بە مەرامی سیاسیی کراوە، بەڵام سروشتی دادگای دەستووریی باسکردنە لە چارەسەری کێشەی دەستووریی، کێشەی نێوان هەرێمەکان، پارێزگاکان و حکوومەتی ناوەندیی، واتە باسی حوکمڕانی و سیاسەتە".
لەبارەی پەیوەندی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی بە رەهەندە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت پرسی ناکۆکییەکانی رووسیا و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر پرسی ئۆکراینا، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێیوابوو کە بریارێکی لەو چەشنە کاریگەریی هەیە لەسەر کۆمەڵێک کێشە لە ناوچەکە، یەکێک لە گەورەترین کێشە هەرێمایەتییەکان و جیهانییەکان کێشەی غاز و کێشەی ئۆکراینایە و گوتی: "کاتی خۆی قەتەر، پرسی سووریا، بەمەی کۆتاییشەوە (کێشەی ئۆکراینا و رووسیا) دەچێتە چوارچێوەی ئەو بابەتانەوە، بەڵام وەک پرسیار کە ئایا ئەمە (بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی) دەچێتە بابی ئەو کێشانەی ئێستا لە ئۆکراینا روو دەدەن، لەبەر نەبوونی زانیاری ناتوانم بڵێم، بەڵێ".
موسەننا ئەمین سەبارەت بە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا هەرێمی کوردستان چی دەرچەیەکی یاسایی هەیە بۆ دەربازبوون لە بڕیارەکە، یان ئایا دەتوانێت لە دادگاکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی سکاڵا تۆمار بکات، گوتی: "نەخێر بەپێچەوانەوە، هەرێم لەمەودوا دەکەوێتە ژێر سکاڵای حکوومەتی ناوەندییەوە، حکوومەتی هەرێم لە کوێ دەتوانێت، سکاڵا بکات؟ دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە تاوەکو بتوانێت سکاڵا تۆمار بکات".