Heman Hussein Yaseen
22 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
هەولێر - AA هێمن حوسێن
ماوەی چەند رۆژێکە داواکاری بەرزکردنەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی بووەتە بابەتێکی گەرم و بە گوتەی دۆلارفرۆشان و بازرگانان ئەم هەڵکشان و داکشانە، کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووریی و بازاڕ دروست کردووە، بەجۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە ١٤٨ هەزار و ٥٠٠ دینار، تا ١٤٢ هەزار دینار دابەزیوە و لەئێستاشدا، نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەربە ١٤٦ هەزار دیناری عێراقییە.
ئەم دۆخە دوای تویتێکی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر هات کە رۆژی ١٧ی ئەم مانگە لە تویتێکدا رایگەیاند، زیادکردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی سوود و زیانی ھەیە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک نابێت نرخی کەلوپەلەکان زیاد بکرێت و تیایدا جەختی لەوە کردبووەوە کە زیادکردنی نرخی دۆلار سوودەکەی ھەرچییەک بێت، نابێت لەسەر حیسابی خەڵک و ھەژاران بێت ئەگەرنا ئەمە ستەمێکە و ھیچی دیکە نییە.
دۆلارفرۆشێک ئاماژە بەوە دەکات کە دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار بانگەشەیەکی هەڵبژاردن بوو، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم هەڵکشان و داکشانەی نرخی دۆلار لەلایەن رەوتێکی سیاسیی، دەستوەردانە لە کاروباری دەوڵەت.
دۆلارفرۆش، حوسێن بەکر خورشید لەبارەی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەربە دیناری عێراقی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کاتێک کە حکوومەتی عێراقی نرخی دۆلاری بەرامبەربە دینار بەرزکردەوە بۆ ئەوەی بوو کە خۆی لە قەیران رزگار بکات، لەم بڕیارە تا رادەیەک سەرکەوتووبوو، بەڵام تاکتیکەکە ئەوە بوو، حکوومەت بە خەڵکی نەگوت مووچەکەت کەم دەبێتەوە، چونکە کاتی خۆی ئەگەر ملیۆنێک دینار بەرامبەر بە ٨٠٠ دۆلار بووایە، ئەوا ئێستا ملیۆنێک دینار بەرامبەر ٧٠٠ دۆلارە، بەڵام حکوومەت سوودی لەو بڕیارە بینیی و عێراقی لە قەیرانێکی گەورە رزگارکرد".
ئەو دۆلارفرۆشە پێیوایە داواکردن بۆ دەستکارییکردنی نرخی دراو، دەستوەردانە لە کاروباری دەوڵەت و ئەمە بەکارێکی هەڵە وەسف دەکات و لەمبارەیەوە حوسێن بەکر خورشید گوتی: "ئێستا سەرکردەی رەوتی سەدر، داوا دەکات کە نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار داببەزێت، ئەوا بێگومان بانگەشەیەکی پێش هەڵبژاردن بوو، بەڵام دەبێت ئەوەی بزانین کە پێشتر بانکی ناوەندیی عێراقی کاتێک بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاری بەرامبەر بە دینار دا، ئەم بڕیارە بۆ سێ ساڵ بوو، ئەگەر ئێستا لایەنێکی سیاسیی هاتووەتە گۆڕەپانەکە و داوای دەستکاریکردنی نرخی دراو دەکات، بێگومان ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری دەوڵەت و کارێکی هەڵەیە".
حوسێن بەکر ئەوەیش دەخاتەڕوو کە کاتێک گۆڕانکاری بەسەر نرخ دا دێت، ئەوا خەڵک بەپەلە پارەکانیان دەهێننە بازاڕ، بەگوتەی ئەو یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە خەڵك بەهۆی ئەوەی متمانەی بە بانک نەماوە، ئەوا پارەی لەلای خۆی لە ماڵەوە هەڵدەگرێت و لە حاڵەتێکی وا دا بەپەلە دەگاتە بازاڕ و مامەڵەی پێوە دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "دوێنێ نرخی سەد دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە ١٤٢ هەزار دینار بووە، خەڵکێکی زۆر دۆلاری بە دینار دەگۆڕییەوە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی بازاڕ دەبێت، خەڵک پارەی لە ماڵەوە داناوە، متمانەی بە بانک و حکوومەت نییە، خەڵک هەیە کاری بۆ حکوومەت کردووە و پارەکەی کە مافی خۆیەتی پێی نادرێتەوە، جچای ئەوەی بچێت پارەی خۆی لە بانک دابنێت".
هاوکات بازرگانێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە تویتەکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر مەترسی لەسەر ئەو بازرگانییە جیهانییانەش هەیە کە مامەڵەیان لەگەڵ عێراقدا هەیە، ئەوەیش دەخاتەڕوو کە بەهۆی ئەو تویتەوە، سەدا ٢٥ی بازرگانان دەکەونە هێڵی مەترسییەوە.
بازرگان، محەمەد عەلی عوزێری لەبارەی ئەو هەڵکشان و داکشانەی نرخی دۆلار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانێکی چەند سیاسییەک لە بەغدا کە ئەمەش بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و رای شەقامە بۆ خۆی، وەک دەزانین سەرکردەی رەوتی سەدر بەهۆی تویتێکەوە دۆخی ئابووریی وڵاتی ئاڵۆزکردووە و بووەتە هۆی وەستانی بازاڕ و مەترسی لەسەر بازرگانییە جیهانییەکانی لەگەڵ عێراقیش هەیە، بێگومان ئەو بڕیارەی کاتی خۆی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقییەوە درا، بڕیارێکی ئابووریی بوو، نەک بڕیارێکی سیاسیی، بەڵام بەداخەوە سیاسییەکانی ئێمە لەبری ئەوەی کار بکەن بۆ بەهێزکردنی ئابووریی وڵات، ئەوا کار دەکەن بۆ رووخان و تێکدانی دۆخی ئابووریی و لە تویتەکەی ئەم دواییەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ئەم تێکدانە بەراشکاوانە دیار بوو".
لەبارەی کاریگەرییەکانی نرخی دۆلار لەسەر جوڵەی بازاڕ، محەمەد عەلی عوزێری گوتی: "بێگومان کاریگەری لەسەر بازرگانی کردووە، دوای ئەو تویتە سەدا ٢٥ی بازرگانان دەکەونە هێڵی مەترسییەوە، چونکە سەدر دەڵێت نرخی ١٠٠ دۆلار دەهێنمەوە سەر ١٢٥ هەزار دینار، ئەمە پلانێکی ستراتیجییە و دەبێت وڵات بڕیاری لەسەر بدات نەک کەسایەتییەکی سیاسیی".
ئەو بازرگانە پێیوایە هیچ پێشبینییەک بۆ ئایندەی دۆخی ئابووری وڵات نییە و سەبارەت بە پێشبینی بازرگانان بۆ داهاتووی ئابووریی عێراق گوتی: "هیچ پێشبینییەک نییە، چونکە لە هەموو وڵاتێک سیاسییەکان کار بۆ پێشخستنی کەرتی ئابووری دەکەن، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا پێچەوانەبووەتەوە، رەنگە هەر ئەو سیاسییە بەیانی لە خەو هەڵبستێت بڵێت نرخی ١٠٠ دۆلار دەکەمە دوو ملیۆن دینار و بۆیشی دەچێتە سەر، بۆیە هیچ پێشبینییەک بۆ ئەم بابەتە ناکرێت و هەموو ئەگەرێکیش هەیە".
رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بانکی ناوەندیی عێراقی بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە هەزار و ١٨٠ دینارەوە بەرزبکاتەوە بۆ هەزار و ٤٦٠ دینار و بەم بڕیارەش نزیکەی سەدا ٢٥ی نرخی کەلوپەل و خۆراک بەرزبووەوە.