Zana Natık Kerem
26 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەسەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی کۆبوویەوە.
دوای کۆبوونەوەکەیش مستەفا کازمی و ئیبراھیم رەئیسی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرەتا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد، لەگەڵ سەرکۆماری ئێران لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات رێککەوتن و ئاماژەی بەوەیشدا کە بەرنامەیەکیان تایبەت بە پاڵپشتیکردن لە سەردانیکارانی ئێران بۆ بەشدارییکردن لە رێورەسمی چلەی کوژرانی ئیمام حوسێن لە عێراق داناوە و گوتی: "چەند ھەفتەیەک لەمەوبەر لە فڕۆکەخانەکانی عێراق، ڤیزا ھەڵگیراوە و پێشتریش لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات ھەڵگیراوە".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە کاری جددیی بکرێت بۆ ھێورکردنەوەی رەوشی ناوچەکە و کۆتاییھێنان بە جەنگ لە یەمەن.
لای خۆیەوە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی ئاماژهی بهوه كرد، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران، ئاماژەیە بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گوتی: "پەیوەندی ئێران لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی قوڵ و مێژووییە کە لە رۆشنبیری و باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە، ئێستایش ئیرادە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەسەرجەم بوارەکاندا، پتەوتر بکرێت".
گوتیشی: "لە چوارچێوەی سیاسەتیی خۆماندا، ھەوڵی پتەوترکردنی کارەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا دەدەین و پێمان وایە گەل و حکوومەتی عێراق لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا نزیکترینن لە ئێمە".
ئیبراھیم رەئیسی راشیگەیاندووە، لەگەڵ مستەفا کازمی گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەتایبەتیش لە بوارەکانی سیاسی، بازرگانیی و ئابووریی.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە سعوودیەوە گەیشتە تاران پایتەختی ئێران.
دوێنێ مستەفا کازمی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتبووە سعوودیە و لەگەڵ جێنشینی ئەو وڵاتە، محەمەد بن سەلمان کۆببوویەوە.