Zana Natık Kerem
11 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پارچە زەوییان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەرخان کردووە و ئاماژەی بەوەیش دا کە تا ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن ھاووڵاتیی، داواکارییان بۆ وەرگرتنی پارچە زەویی پێشکەش کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچووە رایگەیاندووە "جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە لەلایەن وەزارەتەکانی شارەوانییەکان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، نووسینگەی سەرۆکوەزیران و دەستەی راوێژکاران بەدواداچوون بکرێت بۆ پرۆژەی (خانووکەم) کە ماوەی شەش مانگە رامانگەیاندووە و بە یەکەم دەستپێشخەریی دادەندرێت و لە رێگای تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی، دابەش دەکرێت و دوورە لە دەستێوەردانی حزبی و خاوەن ھەژموونەکان و بەرپرسان لە دەوڵەت".
بەپێی راگەیەندراوەکە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوتوویەتی: "٥٠٠ هەزار پارچە زەوییمان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەرخان کردووە کە تا ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن ھاووڵاتیی داواکارییان بۆ وەرگرتنی پارچە زەویی پێشکەش کردووە و دەرگای کێبڕکێشمان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوییەکان بە شەفافییەت کردووەتەوە".
گوتیشی: "دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ، پرۆسەی جیاکردنەوە بۆ زەوییەکان کراوە و پلانیش بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوازرییەکانیان بۆ دانراوە، بۆ ئەوەی زەوییەکان وەک ئاوەڕۆ، وزەی کارەبا، ئینتەرنێت و رێگاوبانیان پێبگات".
باس لەوەش کراوە کە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی گوتی: "دوو ھەفتە لەمەوبەر، نزیکەی ٨٥ ھەزار تاپۆی بەراییمان دا ھاووڵاتییان و، دوای ئەوەیش بە دوو ھەفتە نزیکەی ١٠١ تاپۆی دیکەی بەراییمان بە ھاووڵاتییان دا، بەوەیش ١٨٦ ھەزار پارچە زەویمان بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش کردووە".
گوتیشی: "لەئێستادا، ٣٠٠ ھەزار پارچە زەوی ماوە بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکرێن کە ئەوانیش بەم زووانە بەسەر ئەو ھاووڵاتییانەی کە ناویان لە تیرورپشکدا دەردەچێت، دابەش دەکرێت کە ئەوەیش ئەزموونێکی گرنگە کە دادوپەروەیی و شەفافیەیت تیایدا رەوچاوکراوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون رادەسپێرین، لەوەی بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی سەنەدەکان بە ھاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی پارچە زەوی، چونکە ئەوە پەیامێکی گرنگە بۆ ھاووڵاتییان کە حکوومەت شەفاف و دادەپەروەرە لەگەڵ ھاووڵاتییاندا".