Zana Natık Kerem
27 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2019
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند کە سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامیداوە، سەرکەوتوو و بنیاتنەر بوون.
رۆژی شەممەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەسەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە شاری بەغدا کە لە میاندا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی عێراق ئەنجامدا.
محەمەد جەواد زەریف لە تویتێکدا باسی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا کردووە و نووسیوویەتی "سەردانەکەی بۆ بەغدا و ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجامیداوە، سەرکەوتوو و بیناتنەر بوون".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا بە جیا کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و ھاوتا عێراقییەکەی، محەمەد حەکیم، ھەروەھا لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامداوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ئەوەشی خستووەتەڕوو کە وڵاتەکەی پێشنیازی واژووکردنی رێککەوتنێکی کردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ھیچ گرژی یان دەستدرێژییەک لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەی کەنداودا، روونەدات.
سەردانەکەی محەمەد جەواد زەریف بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە تا دێت گرژییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکدا زیاد دەکات.