ھەولێر
کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی شەممە ٣١ی ئاب سەدان شۆفێری تانکەر و بارھەڵگری گواستنەوەی نەوت و گاز ناڕەزاییان دەربڕی سەبارەت بەوەی کە حکومەت رێگا نادات بەنزین و گاز بفرۆشن.
حەیدەر محێدین، یەک لەوخاوەن تەنکەرانەیە بە (ئانادۆڵو)ی راگەیاند "لە رۆژی پێنجشەممەوە حکومەت بڕیاری داوە، نابێت ئەو تەنکەر و ئۆتۆمبێلانەی گاز و نەوت بۆ دوکان و ماڵ و ھوتێلەکان دەگوزانەوە کار بکەن".
ناوبراو وتیشی "دەستمان بەنارەزایی دەربرین کردوە ، بۆ ئەوەی حکومەت بە بریارەکەیدا بچێتەوە، چونکە ئێمەش ھاوڵاتی کاسبین".
ئەو شۆفێرو خاوەن تەنکەرانە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەناوەندێک کە وەک عەلوە وایە بەنزین و گاز و نەوت بە نرخێکی ھەرزانتر دەکڕن و پاشان دەیفرۆشنەوە بە ھوتێل و ریستۆرانت و ماڵەکان.
خۆپیشاندانی شۆفێری تانکەر و ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان، بۆ ماوەی سێ کاتژمێر رێگای نێوان ھەولێر- مەخموری داخست، بەھۆی داخسستنی رێگاکەش ھاوڵاتیەک تەقەی کردوە بۆ ئەوەی رێگاکەی بۆ چۆڵ بکەن.
لەلایەن خۆیەوە (ھێرش حوسێن) جێگیری قایمقامی ناوەندی ھەولێر لەناو ئاپۆرای خۆپیشاندەران رایگەیاند "فرۆشتنی گاز و نەوت ئاساییەو تەنیا فرۆشتنی بەنزین قەدەغەیە , ئەوەی کە رووشیداوە لێک تێنەگەیشتنێکە ھەوڵ دەدەین چارەسەری بکەین".