Hemn Baban
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2016
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالید ئەلبێرت رایدەگەیەنێت لەپاش رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لەساڵی 2003، واتە لەماوەی 12 ساڵدا 80 لەسەدی مەسیحییەكان چوونەتە دەرەوەی عێراق، لەوبارەیەوە دەڵێت "پێش رووخانی رژێمی سەدام حوسێن ژمارەی مەسیحییەكانی عێراق یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس بوون، ئێستا نزیكەی 350 هەزار بۆ 400 هەزار كەسیان ماون، زۆرینەی زۆریشیان لەهەرێمی كوردستانن"، دەشڵێت " 68 مەسیحی لەژێر دەسەڵاتی داعشدان لە مووسڵ و جزیە دەدەن".
لە هەولێر زیاتر لە 11 هەزار خێزانی مەسیحی و لە پارێزگای دهۆكیش پێنج هەزار و 500 خێزانی پارێزگای نەینەوا دەژین، پەنجا هەزار مەسیحیش لەپاش هێرشەكانی داعش بۆسەر پارێزگاكە چوونەتە دەرەوەی عێراق.
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالید ئەلبێرت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت لەدوای هاتنی داعشەوە لەناوەڕاستی ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 50 هەزار مەسیحی عێراقییان بەجێ هێشتووە، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە 68 مەسیحی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی داعشدان لە پارێزگای نەینەوا و لەوێ ژیان بەسەر دەبەن.
ئەلبێرت لەو لێدوانەیدا گوتی: "لە دوای شەڕی داعشەوە زیاتر لە 50 هەزار مەسیحیی عێراق لە لوبنان و توركیا و ئوردن ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات، هەروەها ئەوانەشی گەیشتوونەتە دەرەوە ئەوانیش ژمارەیان زۆرە".
گوتیشی: "هەرچەندە ئێمە زانیاریی وردمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی رێكخراوە مەسیحییەكانی تایبەتمەند بە جینۆساید و ئەو پرسانە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی داعش لە پارێزگای نەینەوا 68 مەسیحی هەن و دەژین، ئەو ژمارەیە كڵێساكانیش دووپاتییان كردووەتەوە، ئەو مەسیحییانەش هۆكاری خۆیان هەبووە بۆ هەڵنەهاتن لەژێر دەسەڵاتی داعش، یان بەهۆی تەمەنییانەوە بووە كە گەورەن، یان نەخۆش بوون، یان هەیە لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە دایك و باوكیان بەجێ بهێڵن لەلایان ماونەتەوە، ئەوان ئێستا جزییە دەدەن".
بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خالید ئەلبێرت لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كرد كە بەهۆی هێرشكردنە سەر پارێزگای نەینەوا و كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە لە حوزەیرانی ساڵی 2014 زیاتر لە 150 هەزار مەسیحیی پارێزگای نەینەوا هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە گوتی: "زۆرینەی زۆری ئەو مەسیحییانەی لەدوای كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان لە هەولێر دەژیین كە 11 هەزار خێزان دەبن، هەروەها پێنج هەزار و 500 خێزانی دیكەش لە پارێزگای دهۆكن، ژمارەیەكی دیكەش لە پارێزگای سلێمانی دەژین، بەشێكی دیكەش چوونە بەغدا، ئێمەش وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەوڵمان داوە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكان كار بۆ دابینكردنی پێویستییەكانییان بكەین، راستە سەد دەر سەد وەكو پێویست نەبووە، بەڵام خراپیش نییە".
خالید ئەلبێرت لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش دەستی بەسەر چەندین خانوو و موڵكی مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوادا گرتووە پاش كۆنتڕۆڵكردنی لە 2014 و بەكاریان دەهێنێت.
سەبارەت بە كۆچكردنی مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی عێراق كە بە دانیشتووانی رەسەنی عێراق دەناسرێن و رۆڵی گەورەیان لە بونیادنان و شارستانییەتی میزۆپۆتامیا هەبووە ئەلبێرت ژمارەی راچەڵەكێنەری خستە روو و بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پێش رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لەساڵی 2003 ژمارەی مەسیحییەكان لە عێراق زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار كەس دەبوون، پاش ئازادكردنی عێراق و كردنەوەی سنوورەكان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و بەتایبەت سەرهەڵدانی شەڕی سوننە و شیعە و تەقاندنەوەی كڵێسای سەیدەتولنەجات لە بەغدا و ئەوانە زیاتر لە 120 هەزار مەسیحیی ناوچەكانی دیكەی عێراق هاتنە هەرێمی كوردستان و بەتەواوەتی لە هەرێم نیشتەجێ بوون".
گوتیشی: "هەروەها ژمارەیەكی زۆریش لەو مەسیحییانەی لەناوچەكانی دیكەی عێراقەوە هاتوون بۆ ماوەیەك لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون و دواتر چوونەتە دەرەوە".
لەكۆتایی قسەكانیدا خالید ئەلبێرت گوتی: "لەساڵی 2003ەوە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری مەسیحییەكان چوونەتە دەرەوە، لەو یەك ملیۆن و 800 هەزار مەسیحییەی پێش رووخانی رژێم لە عێراق بوون ئێستا بەپێی خەمڵاندنەكان تەنها 350 تا 400 هەزاریان لە عێراق ماون كە بەشی هەرە زۆریشیان لە هەرێمی كوردستان، واتە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار مەسیحی عێراقییان بەجێ هێشتووە".