میونخ - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند "شێوازی ئێمه له ئەلباب چۆن بووه له ره‌ققه‌ش وا ده‌بێت. له ناوچه‌كه‌دا هێزی سه‌ربازیمان هاوكاریی سوپای سووریای ئازاد ده‌كه‌ن. ره‌نگه ئه‌وانیش پشتگیری بكه‌ن. له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌مریكا لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه. پێی ده‌ڵێن 'نیو ده‌ی'، رۆژێكی نوێ".
یڵدرم له دواین رۆژی 53یه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی میونخدا، سه‌باره‌ت بهڕۆژهڤهكان وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی دایه‌وه.
روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مریكا كه رایگه‌یاندبوو "هه‌وڵه‌كانیان دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش خێراتر ده‌كه‌ن" وه‌بیری بینالی یڵدرم هێنرایه‌وه كه دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا، مایك پێنس راگه‌یه‌نرابوو. سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌وباره‌وه ده‌گیرێنه‌به‌ر پرسیار له یڵدرم كرا.
بینالی یڵدرم گوتی: "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، به‌یه‌په‌گه و په‌كه‌كه كه به‌ئامۆزای په‌كه‌كه ناوده‌برێن و ئێمه به‌هه‌مان شتیان ده‌زانین، كارێكی دروست نییه. كارێكی دروست نییه به‌ڕێكخراوێكی تیرۆریستی هه‌وڵی له‌ناوبردنی رێكخراوێكی تیرۆریستیی دیكه بدرێت. له‌به‌رئه‌وه پێویسته ئه‌م كاره به‌جۆرێك به‌ڕێوه‌ببرێت كه له هاوپه‌یمانیی ستراتیجی و ناتۆ بوه‌شێته‌وه. پێم وایه ئه‌وانیش ره‌چاوی ئه‌م هه‌ستیارییه‌ی ئێمه ده‌كه‌ن".
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم رایگه‌یاند بابه‌تی راده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی فه‌تۆ، فه‌تحوڵڵا گولهنیشیان تاوتوێ كردووه و گوتی: "رایانگه‌یاند كه بابه‌ته‌كه یاساییه، به‌ڵام به‌شێوازێكی گونجاو له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنه‌كانیان تاوتوێی ده‌كه‌ن. ئه‌مه دۆخێكی نوێی بۆ ئێمه. ده‌سه‌ڵاتی پێشوو ده‌یگوت ئه‌مه كاری دادگایه و له‌كۆڵی خۆی ده‌كرده‌وه. له‌به‌رئه‌وه لێره‌دا تێگه‌یشتنێكی نوێ هه‌یه. منیش پێم راگه‌یاندن تا ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، توركه‌كان له‌باره‌ی ئه‌مریكاوه ئه‌رێنی بیرناكه‌نه‌وه و پێویسته هه‌نگاوێك بنرێت بۆ بهئهرێنیكردنی بیركردنه‌وه‌كانمان".
بینالی یڵدرم سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنی توركیا له ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه‌دا گوتی: "دوای ئەلباب-یش ئاماده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشین، به‌ڵام به‌مه‌رجێك رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان به‌شداری نەکەن. پێم وایه ئه‌مه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و بڕیارێك ده‌ده‌ن".
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی به‌شداریپێكردنی یه‌په‌گه له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه‌دا گوتی: "من بۆچوونێكی له‌و جۆره‌م نییه. ئه‌وان له قۆناغی هه‌ڵسه‌نگاندندان. پێویسته ئه‌نجامه‌كه‌ی ببینین. نیازی ئێمه له‌باره‌ی مەنبجهوه روونه. پێویسته مەنبج له په‌یه‌ده پاكبكرێته‌وه. ئه‌مه له ده‌ره‌وه‌ی بابه‌تی داعشدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. ئه‌مریكا له‌وباره‌وه به‌ڵێنێكی به‌ئێمه دا، به‌ڵام نه‌یبرده‌سه‌ر".
- "له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی ئه‌مریكا لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه"
له‌باره‌ی شێوازی به‌شداریكردنی توركیا له ئۆپه‌راسیۆنی ره‌ققه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم گوتی: "شێوازی ئێمه له ئەلباب چۆن بووه له ره‌ققه‌ش وا ده‌بێت. له ناوچهكهكدا هێزی سه‌ربازیمان هاوكاریی سوپای سووریای ئازاد ده‌كه‌ن. ره‌نگه ئه‌وانیش پشتگیری بكه‌ن. له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌مریكا لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه. پێی ده‌ڵێن 'نیو ده‌ی'، رۆژێكی نوێ".
سه‌باره‌ت به‌ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا كه رایگه‌یاندبوو "ئێران مه‌ترسیی دروستكردووه بینالی یڵدرم گوتی:
"ته‌نها ئێران نییه، وڵاتانی دیكه‌ش هه‌ن له ناوچه‌كه‌دا. ئامانج ئه‌وه‌یه نابێت له سووریادا. له عێراقدا هه‌ژموونی وڵاتانی دیكه هه‌بێت. ئامانج ئه‌وه‌یه چاره‌سه‌رێك بدۆزرێته‌وه كه سوورییه‌كان خۆیان چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن و حكوومه‌ته‌كانیان خۆیان پێكیبهێنن. ئێران دراوسێی مێژوویی ئێمه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رز و نزمی به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام لێره‌دا له بابه‌تێكدا ناڕازین. ئه‌گه‌ر لێره‌دا مه‌زهه‌ب بخرێته پێشه‌وه، ئه‌وا زیانی ده‌بێت. شه‌ڕی مه‌زهه‌بی له وڵاتێكی ئه‌ورووپایی وه‌ك ئه‌ڵمانیادا بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدانی، 12 ملیۆن كه‌س".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداو نیگه‌رانن له‌و بابه‌ته؟ سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم گوتی: "به‌ڵێ ئه‌وان له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه نیگه‌رانیان هه‌یه، به‌ڵام ئێران ده‌وڵه‌تێكه نه‌ریتی ریشه‌یی هه‌یه. چاوه‌ڕوانین هاوكاری بنیاتنه‌ربێت له‌باره‌ی ناوچه‌كه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیازی فراوانكردنی هه‌ژموونی هه‌بێت ئه‌وا نیگه‌ران ده‌بین".
پرسیار له سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم كرا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌ستیان به‌قۆناغی ئاستانا كردووه، به‌ڵام ئایا له ئێران‌دا ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی: "نه‌خێر. ئاستانا جێگره‌وه‌ی جنێڤ نه‌بوو، یه‌كه‌م هه‌نگاو راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و راگرتنی خوێنڕێژیه، پاشان دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی سیاسیی درێژخایه‌ن كه هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشه‌وه به‌شداربن تیایدا".
هاوكات پرسیار له بینالی یڵدرم كرا سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی توركیا له‌باره‌ی پێشنیازی هه‌ندێ لایه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری فیدراڵی له سووریادا كه په‌یه‌ده ئه‌و پێشنیازه‌ی كردووه و، له مۆسكۆ كۆنفرانسی كوردیان رێكخستووه، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی: "چ كۆنفرانسێك سازده‌كه‌ن با بیكه‌ن، به‌لای ئێمه‌وه په‌یه‌ده رێكخراوێكی تیرۆریستییه. پێویسته په‌یه‌ده و كورد له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ نه‌كرێن. كورد دانیشتوانی جێگیری سووریا‌ن. له سووریادا هه‌موو گرووپه نه‌ژادیه‌كان مافی قسه كردنیان هه‌یه. ئێمه گرنگیی به‌یه‌كپارچه‌یی خاك ده‌ده‌ین. نابێت په‌یه‌ده سوودمه‌ند بێت له‌و پشێویه‌ی هه‌یه. هێشتا دیار نییه كه له سووریادا حكوومه‌ت چ مۆدێلێك ده‌بێت. حكوومه‌تێك دروست ده‌كرێت كه بگونجێت له‌گه‌ڵ نه‌ریت و مێژووی سووریادا. مۆدێلێك نابێت كه له ده‌ره‌وه سه‌پێندرابێت. عه‌ره‌ب، كورد، نوسه‌یری، ئێزدی و توركمان هه‌ن له‌و وڵاته‌دا. هه‌موو خاوه‌نه‌كانی سووریا قسه‌یان ده‌ڕوات له پێكهێنانی ئه‌و مۆدێلی حكوومه‌ته‌دا. ته‌نیا مه‌رجێكیش ئه‌وه‌یه رێكخراوی تیرۆریستیی و چه‌كداری تیرۆریست نه‌بن".
له وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئایا پاككردنه‌وه‌ی ئه‌لباب له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتدا چه‌ند ده‌خایه‌نێت؟ بینالی یڵدرم گوتی: "ئه‌وانه بابه‌تی سه‌ربازین. به‌ڵام چه‌ند ده‌خایه‌نێت با بیخایهنێت، لێیان پاكده‌كرێته‌وه. ئه‌لباب كۆنترۆڵكراوهتهوه. له‌ناوه‌وه لێیان پاكده‌كرێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ختی هه‌ر هه‌یه. له هه‌موو شاره‌كه‌دا تونێل، خۆكوژ و كرده‌ی خۆكوژی هه‌یه، ئاسان نییه، به‌ڵام رێگای گه‌یشتنی هاوكاری پێیان بڕاوه. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه".
له وه‌ڵامی پرسایرێكدا سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستی توركیا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه په‌یه‌ده له خۆرئاوای فورات سیستمێكی بۆخۆی پێكهێناوه، سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا، بینالی یڵدرم گوتی: "له ههركوێیهكهوه مه‌ترسی هه‌بێت با بێت، توركیا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رپه‌رچی بداته‌وه و له‌ناوی به‌رێت. بۆ نموونه هه‌ندێجار له باكووری عێراق ئۆپه‌راسیۆن ئه‌نجام ده‌ده‌ین، له خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵات هیچ جیاوازی نییه. وه‌ك چۆن چاودێری ده‌كه‌ین، ئه‌واش مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه مه‌ترسی له هه‌ركوێ بێت وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه. ئێمه بههاوپهیمانانمان ده‌ڵێن وه‌رن له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌و كاره بكه‌ن، نه‌ك له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده".
news_share_descriptionsubscription_contact

