Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2019
سلێمانی ـ AA
حەیدەر عەبادی دوای بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی و لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی پرسی گەڕانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق گوتی: "ئەو پرسە تایبەتە بە حکوومەتی عێراق کە ئایا پێویستی بە بوونی ھێزی ھاوپەیمانانی ئەمریکی یان ھەر ھێزێکی تری جگە لە ئەمریکی ھەیە یان نا، بە بڕوای من پێویستیان بە راھێنان و پشتیوانی لۆجستی ھەیە و ھەموو کوتلەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن بە پشتیوانی لە رووی راھێنان و لۆجستییەوە".
عەبادی گوتی: "لە راگەیاندنەکانەوە بابەتی تر باسی لێوە دەکرێت و دەخرێتەڕوو لە گواستنەوەی ھێزەکان لە سوریاوە بۆ عێراق، بابەتی بەکارھێنانی خاکی عێراق بۆ ئەنجامدانی دژایەتی و ھێرشی سەر وڵاتانی دراوسێ، ئەم بابەتانە جێگەی نیگەرانی نییە بۆ کوتلە سیاسییەکان و ھاووڵاتییانیش بەڵکو پێویستە حکوومەت ئەوە بەڕوونی ئاشکرا بکات و ئەو کە ئاگادارە لە ھەموو ئەو بابەتانە جەخت بکاتەوە لەوەی کە ھیچ بنکەیەکی نوێ نییە کە رەنگە بۆ ئەو مەبەستە بەکاربھێنرێت".
ئەو ھەروەھا گوتی: "ھیچ ھێزێکی نوێ نییە و بەپێچەوانەوە ئێمە دامەزراوە و ھەیکەلێکی تەواومان ھەیە کە حکوومەت ئاگاداری ئەوەیە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ھێزەکان لە چەند ساڵێکدا لە قۆناغی داھاتوودا، چونکە توانیمان سەرکەوین بەسەر داعش و تەنھا پێویستمان بەو ھێزانەیە بە چەند ژمارەیەکی کەم".
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە بارەی کەرکووک گوتی: "کەرکووک شارێکی گرنگە و ھەموو ھاووڵاتییەکی تیادایە، رۆڵی ھێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئەو ھاووڵاتییانەیە بەبێ رەچاوکردن و سەیرکردنی پێناسیان".