ئەنقەرە
عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی "ئەمریکا دژی خۆی کاندیدکردنی بەشار ئەسەدە لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی سوریا کە بڕیارە لە ٢٠١٤ ئەنجام بدرێ چونکە لە پشتگیریی خەڵکی سوریا بۆ ئەسەد دەترسێ.
ئاژانسی دەنگوباسی فارس (فارسنیوز) بڵاوی کردەوە لە کۆبوونەوەی ئەم بەیانییەی پەرلەمانی ئێراندا عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمان ئەمریکای بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی سوریا تاوانبار کرد.
لاریجانی گوتی "بەرپرسانی ئەمریکی بە چ مافێک بە کەسێک دەڵێن تۆ بۆت نیە بەشداریی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەت بکەیت، ئەمە کارێکی زۆر خراپە. ئەمریکا کە دەڵێ خەڵکی سوریا پشتگیری ئەسەد ناکەن و دەیەوێ دیموکراسیەت لە سوریا جێگر ببێ، بۆچی وا لە کاندیدبوونی ئەسەد دەترسێ؟"
سەبارەت بە کۆنفرانسی جنێڤیش لاریجانی گوتی "سیاسەتمەدارانی ئەمریکا دەڵێن دەبێ ئیران پاڵپشتیی ئەنجامەکانی کۆنفرانسی جنێڤ ١ بکا، ئایا ئەمانە ھۆش و بیریان لەدەست داوە؟ ئێستاش ھەندێک ھەن کە دەڵێن با ئێران بەشداری لە کۆنفرانسەکە نەکا، ئایا نازانن ئەم بارودۆخەی ئێستای سوریا ئەنجامی بەشدارینەکردنی ئێرانە لە کۆنفرانسەکە. دەبێ ئەو کەسانەی بەشدارییان کردوە و دواتر بڕیارەکانی کۆنفرانس پشتگوێ خراون، کردەوەکانی خۆیان شی بکەنەوە".