ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی رەسمیی ئاک پارتی حوسێن چەلیک لە وەڵامی سەرۆکی گشتیی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا دەوڵەت باخچەلیدا رایگەیاند: "من وەکو رەحمەتی زەکی مورەن ناتوانم زۆر بەباشی بە زمانی تورکی قسە بکەم، رۆژھەڵات کاریگەریی لەسەر زمانی من ھەیە و زمانی باخچەلیش لەژێر کاریگەریی باشووردایە. باخچەلی سەرەڕای ئەو ھەموو ئەزموونە ھێشتا ھەر دەڵی ئۆکۆنۆمی كە چی یەكجاریش نەیگوتووە ئەکونومی."
حوسێن چەلیک رایگەیاند: "دەوڵەت باخچەلی لە لێدوانەکانی خۆیدا راستەوخۆ ناوی منی زڕاندووە و ئەگەر دەیەوێ رێزی لێبگیرێ دەبێ سەرەتا رێزی خۆی بگرێ. کەس ئەو مافە بەو نادا ناوی کەسێکی دیکە بزڕێنێ. ئێمە بە ھیچ شێوەیەک خۆمان ناخەینە ئاستی باخچەلی و کارێک ناکەین ھیچ کات سەری خۆمان لە بەرامبەر کەسانی دیکە بەرز نەکەینەوە."
لەبارەی بەکار ھێنانی زمانی تورکییەوە حوسێن چەلیک گوتی: "باخچەلی بێڕێزی زۆری پێکردووم بە تایبەتی لە بواری بەکار ھێنانی زمانی تورکی، پێویستە بزانێ کە من وەکو رەحمەتی زەکی مورەن ناتوانم بەباشی زمانی تورکی بەکار بھێنم بەڵام لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە فێری زمانی تورکی بووم و ئەمڕۆیش دەتوانم وانەی زمانی تورکیا بە باخچەلی و ئەوانەی وەکو باخچەلی بڵێمەوە."
لەبارەی ئەو وشانەیەوە کە باخچەلی لە دژی حوسێن چەلیک بەکاری ھێناون چەلیک گوتی" بەراستی ھێشتا نازانم مانای ئەو وشانە چییە و بە چ مەبەستێک بەکاری ھێناون، بەڵام ئەگەر ئەو وشانە لەلایەن باخچەلییەوە زۆر خۆش و سەرنجڕاکێشن با بۆ خۆی و ھاوڕێکانی بیانکاتە ناو و نازناو و بەکاریان بھێنێت.
من ھیچ کات لەگەڵ کوردایەتی کوردپەروەرەکاندا سازشم نەکردووە، لەگەڵ تورکایەتی تورک پەروەرەکانیشدا ھیچ کات سازشم نەکردووە و ناکەم. من حەزم لە شارستانێتیی ئیسلامییە و پشتگیری لە ناوە رەسەنە کوردییەکان و تورکییەکان دەکەم و ھیچ پەیوەندیم بە نەتەوەپەرستییەوە نییە. بەڵام ئەگەر باخچەلی زۆر حەزی لە رەسەنی تورکایەتی و زمانی تورکییە با بزانێ کە ناوەکەی خۆی عەرەبییە و نازناوەکەیشی فارسییە.
چەلیک باسی رەخنەکانی باخچەلی لەبارەی گۆڕینەوەی ناوە گۆڕاوەکانی کرد و گوتی: "باشە کەی ناوی ئیستەنبۆڵ دەبێتە کۆنستانتینۆپۆلیس؟ ناوەکانی وەکو ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و ئانادۆڵ ناوی رەسەنی تورکی نین، بەڵام ئەو وشە و ناوانەی تێکەلی تورکی کراون ھەموویانی وەکو وشەی تورکی قبووڵ کردووە".
حوسێن چەلیک گوتی: "من متمانەم بە برایەتی زمان و نەتەوەکان ھەیە بۆیە گوتەکانی باخچەلی لەو بارەیەوە ئەوەندە گاڵتەجارین مردووەکانیش پێکەنینیان پێیان دێ. باخچەلی بە گوتنی ناوەکانی وەکو ھادۆ و ھازۆ ناوی تایبەتی کوردین لە راستیدا بێڕێزی بە نەتەوەیەک کردووە و دەکات بۆیە رەگەزپەرستیی مەترسیدار ئەوەیە کە باخچەلی دەیکات نە ئەوەی ئێمە دەیکەین."