واشنتۆن
گوتەبێژی پینتاگۆن جۆن كیربی ئاماژەی بەوەدا كە رێكخراوی داعش ٥٥ هەزار كیلۆمەتری لە عێراق كۆنترۆڵ كردووە و حكوومەتی عێراق ٧٧ هەزار كیلۆمەتری بەدەستەوەیە و كوردەكانیش خاوەنی ٥٦ هەزار كیلۆمەتری دووجان.
كیربی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە لە پینتاگۆن ڕێكخرابوو، ئاماژەی بەوەدا كە تائێستا داعش ٢٠-٣٠ هەزار شەڕڤانی هەیە، بەڵام بەهۆی هاتن و چوونیانەوە، ئەو ژمارەیە، گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.
كیربی ئاماژەی بەوەدا كە داعش لەماوەی شەش مانگدا لە عێراق و سووریا نزیكەی ٧٠٠ كیلۆمەتری دووجا خاكی لەدەست داوە و ئاشكراشی كرد لە عێراق و بەتایبەتی لە باكوور خاكەكان وەرگیراونەتەوە، هاوكات بەگرنگی زانی كە پێشمەرگە وەك هێزێك لەو ناوچانە بن .
كیربی ئاماژە بەوە دەكات كە "بە پێی لێكۆڵینەوەیەك لە عێراق كە خاكە بەتاڵەكان هەژمار نەكراون، لە ئێستادا داعش ٥٥ هەزار كیلۆمەتری دووجا لەخاكی عێراقی كۆنترۆڵ كردووە و حكوومەتی عێراقیش ٧٧ هەزار كیلۆمەتری دووجای بەدەستەوە ماوە و هێزە كوردییەكانیش خاوەنی ٥٦ هەزار كیلۆمەتری دووجای كۆی خاكی عێراقن".
كیربی ئاماژە بەوە دەكات كە جیاوازی داعش لەگەڵ ئەلقاعیدە ئەوەیە كە داعش هەوڵی كۆنترۆڵ كردنی خاك دەدات و خیلافەت و ئیدارەی خۆی دادەمەزرێنێت، ناشی شارێتەوە كە لەئێستادا داعش چووەتە دۆخی بەرگری كردنەوە و هەوڵی پاراستنی ئەو خاكانە دەدات كە كۆنترۆڵی كردوون .
كیربی ئاماژە بەوە دەكات كە لە عێراق ٣٦٠٠ كەس مەشقیان پێدەكرێت لە هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە و لەسووریاش هێشتا قۆناغی هەڵبژاردنی لایەنی ئۆپۆزسیۆن بۆ مەشق پێ كردن دەستی پێنەكردووە.
لەلایەكی ترەوە كیربی ئاماژەی بەوەدا كە لە عێراق و لە چوار خاڵی جیاواز (هەولێر، عین ئەلئەسەد، كۆمەڵگای جادریە، بسمایە)، مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی عێراقی دەكرێت كە سەرجەمیان دەگاتە ٣ هەزار و ٦٠٠ كەس.
لە هەولێر ١٠٠ كەس ، لە عین ئەلئەسەد ٦٠٠ كەس ، لە كۆمەڵگای جادریە ١٦٠٠ كەس و لە بسمایە ١٣٠٠ عێراقی و هێزی پێشمەرگە مەشقیان پێ دەكرێت.