Zana Natık Kerem
27 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2017
ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغێت رایگەیاند كە كۆمكاری عەرەبی توانای دابینكردنی پێداویستییەكانی گەلانی عەرەبی نییە و ناتوانێت خواستی هاووڵاتی عەرەب بەدی بهێنێت چونكە ماوەی دووساڵە بوودجەی داراییەكەی زۆر كەمبووەتەوە.
ئەمنیداری گشتی كۆمكاری عەرەبی هۆشداری دا لە لێكەوتەی مەترسیدار ئەگەر كۆمكاری عەرەبی نەتوانێت كارەكانی پارەدار بكات.
ئەم لێدوانەی ئەحمەد ئەبولغێت لەمیانی گوتەیەك هات كە لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب بۆ ٢٨هەمین لووتكەی عەرەبی پێشكەش كرد كە لە ناوچەی دەریایی مردوو (٥٥ كیلۆمەتر رۆژئاوای) عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەدەچێت.
ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی گوتی: "لای هیچ یەكێك لە ئێمە شارەوا نییە كە هاووڵاتی عەرەب لەسەر چارەنووسیان نیگەرانن و ئەو نیگەرانیەش بەهۆی ئەو گڕژییانەیە كە ناوچەكە بەخۆوە دەبینێت".
ئەحمەد ئەبولغێت ئاماژەی بەوەش دا كە نیشانەی راستی قەوارەی عەرەبی لەم هەلومەرجەدا ئەوەیە كە بەملیۆنەها كەس ئاوارەیان گرتووەتە خۆیان و شوێن و جێگەیان بۆ دابین كردووە و گوتیشی: "پێویستە لەسەر هەمووان پشتیوانی و یارمەتی پێویست بۆ ئەو دابین بکەین كە شوێن و جێگەی بۆ ئاوارەكان دابین كردووە لە سەروویانەوە ئوردن كە میواندای لووتكەكەمان دەكات و لوبنان كە لە سەرووی توانای خۆیەوە ئاوارەی گرتووەتە خۆی".
ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی داوای لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب كرد كە بەشێوەیەكی كردەیی لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی سووریا، یەمەن و لیبیا ئامادەییان هەبێت.
لە كۆتایی گوتەكەیدا ئەحمەد ئەبولغێت گوتی: "نابێت ئەم قەیرانانە، پرسی سەرەکیمان بیر بباتەوە كە ئەوەش پرسی فەڵەستینە".