Zana Natık Kerem
08 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2017
سلێمانی ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی لە پێنجەمین دیداری سلێمانی كە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی سازی كردووە گوتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا تیشكی خستە سەر چەند تەوەرێک لەوانە شەڕی دژبە داعش و رۆژی جیهانی ئافرەتان و رۆڵی زانكۆكان.
سەرەتا حەیدەر عەبادی گوتی: " داعش بەبڕی ٣٥ ملیار دۆلاری زیانی بەژێرخانی ئابووری عێراق گەیاندووە و هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش بەبێ جیاوازی لە موسڵ بەشداری دەکەن لە جەنگی دژی داعش"
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "لە پێناو رزگاركردنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی، ئێمە هەموو رۆژێك لە مووسڵ قوربانیمان هەیە و شەڕی داعش تەنها شەڕی عێراق نییە بەڵكو شەڕی هەموو جیهانە".
حەیدەر عەبادی گوتیشی: "رێكخراوی داعش دەوێەوێت شارستانی عێراق بگۆڕێت و وێرانی بكات. ئەو رێكخراوە هەر لەسەرەتاوە هەوڵی دروستكردنی ناكۆكی داوە لەنێو پێكهاتەكانی عێراق".
سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتیشی: "ئەگەر داعش سەربكەوتایە، ئەوە هیچ جۆرە ئازادییەكمان نەدەما، ئێمە لە گۆڕەپانی شەڕ بەسەر داعشدا سەركەوتووین بەڵام پێویستە یەكێتی ناوخۆییمان بپارێزین".
حەیدەر عەبادی باسی لەوەشكرد كە هێزەكانی عێراق پێش كۆنتڕۆڵكردنەوەی خاك و ناوچەكان، ئامانجیان رزگاركردنی گیانی مرۆڤە لە بیری توندڕەوی داعش.
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە دوای شەڕی دژبە داعش، شەڕ بۆ پێكەوە ژیان و ئاشتی دەكەن و گوتیشی: "پێویستە هێز، هێزی عێراقییەكان بێت و نابێت سەربە مەزهەب یان هێزێكی سیاسی بێت".
هەر لەدرێژەی گوتەكەیدا حەیدەر عەبادی باسی لە مەترسی بوونی گەندەڵی كرد و گوتی: "مەترسی گەندەڵی هیچی لەمەترسی تیرۆر كەمتر نییە بگڕە بوونی گەندەڵی دەبێتە هۆی دروستبوونی تیرۆر و ئێمە بەهەموو توانایەكمانەوە رووبەڕووی دەبینەوە".
لەبارەی ناوچە كێشە لەسەرەكانیش، سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی: "ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكەینە ناوچە رێككەوتوو لەسەر و ئێمە نامەنەوێت بگەڕێنەوە سەردەمی دیكتاتۆرییەت".
حەیدەر عەبادی لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگە و عێراقەوە گوتی: "هێزەكانی عێراق هاوشانی هێزەكانی پێشمەرگە دژی داعش دەجەنگن".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەوەی وەبیر هێنایەوە كە زۆر كەس گرەویان لەسەر شكستخواردنی عێراق كرد بەڵام ئەوان دۆڕان و عێراق سەركەوت.
حەیدەر عەبادی گوتیشی: "پێویستە وەك تیرۆر رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە و بۆ ئەوەی رێگری بكەین لە بڵاوبوونەوەی بیر و كاری توندڕەویی و دژی بوەستینەوە ".
سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو پابەندە بەدەستوور و هێزی لە دژی هیچ لایەك بەكار ناهێنێت و گوتیشی: "پێویستە سوپایەك دروست بكەین كە پارێزگاری لە عێراق و عێراقییەكان بكات".
حەیدەر عەبادی ئەوەشی گوت:"بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، تیرۆر لە عێراق دروست بوو هەروەها رەزامەندی حكوومەتی سووریامان وەرگرتووە بۆ بۆردومانكردنی داعش لەناو خاكی ئەو وڵاتە".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكەیدا حەیدەر عەبادی بەبۆنەی ڕۆژی ٨ ی مارسیشەوە پیرۆزبایی لە ئافرەتان كرد و داوایكرد، ڕێژەی ئافرەتان لە دامەزراوەكاندا زیاد بكرێت و تەنانەت پۆستی سەرۆكی حزبەكان و پۆستە باڵاكانیش وەربگرن.
لەسەر رۆڵی زانكۆكانیش سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند كە پێویستە زانكۆكان لەناو خەڵكدا بن و لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگەدا بژین و هەوڵبدەن كاری خۆبەخشی بكەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگاكاندا و داواشی لە زانكۆكان كرد كە توێژینەوە لەبارەی كێشە قوڵەكانی كۆمەڵگاوە بكەن لە هەموو بوارەكاندا.