22 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە میانی دووەم رۆژی سەردانەكەی بۆ تاران پایتەختی ئێران لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی شواری ئەو وڵاتە، محەمەد باقر قاڵیباف كۆبوویەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا، پتەوتركردنی هاوكارییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە سەرجەم بوارەكاندا و رەوشی هەرێمیی و كاریگەرییەکانی بۆسەر هەردوو وڵات تاوتوێ كراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە هەردوولا سەبارەت بە هەوڵە دووقۆڵییەكانیان كە بە ئامانجی تێپەڕاندنی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لەسەر کەرتەکانی تەندروستیی و ئابووریی، هەروەها ئەو تەحەدیاتانەی كە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە بەرەوڕووی عێراق و ئێران بووەنەتەوە گفتوگۆیان كردووە.
دوێنێ سێشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا گەیشتە تاران پایتەختی ئێران كە لە میانیدا تا ئێستا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.
وەزیرانی دەرەوە، نەوت، كارەبا، دارایی، بەرگریی، تەندروستیی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق یاوەری مستەفا کازمی دەكەن لە سەردانەكەی بۆ ئێران.