Zana Natık Kerem
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2017
كوێت ــ AA
ئاژانسی هەواڵیی (KUNA) بڵاوی كردەوە، دادگای تێهەڵچوونەوەی كوێت، سزای یەک ساڵ تا پێنج ساڵ زیندانیكردن بۆ ٦٨ تاوانبار لە كەیسی هەڵكوتانە سەر ئەنجوومەنی ئوممە لە ساڵی ٢٠١١دا، دەركرد كە لە نێویاندا شەش ئەندامی پێشوو و دوو ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنەکە هەیە، هەروەها دوو تاوانباری لەسەر كەیسەكە ئازاد كرد.
هاوكات سەرچاوەیەكی دادوەری كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، تاوانباران دەتوانن لە بەردەم دادگای تەمییز تانە لە سزاكان بدەن.
بە پێی ئاژانسەكە، دادگای تێهەڵچوونەوەی كوێت سزای پێنج ساڵ زیندانیكردن بۆ هەر دوو ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی ئوممە و كەسایەتی ئیسلامی، وەلید تەبەئتەبائی و جومعان حەرەبشی سەر بە ئیخوان موسلیمین دەركرد، هەروەها سزای پێنج ساڵ زیندانیكردن بۆ هەریەك لە ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی ئوممە بە ناوەكانی، موسلم بەراك، فەیسەڵ موسلم، موبارەك وەعلان، خالید تاحوس، سالم نەملان و فەهەد خونە دەركردووە.
هەروەها دادگا بە تاوانی هێرشكردنە سەر پۆلیس، سزای دوو ساڵی دیكەی زیندانیكردنی بۆ هەریەك لە وەلید تەبەئتەبائی، جومعان حرەبشی، موسلم بەراك، فەیسەڵ موسلم، موبارەك وەعلان، خالید تاحوس، سالم نەملان و فەهەد خونە دەركردووە كە بەوەش هەریەك لەو تاوانبارانە بە حەوت ساڵ زیندانی دەكرێن.
ئاژانسەكە ئاماژەی بە ناوی ئەو دوو تاوانبارە نەداوە كە لە لایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی كوێت بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەكراوە.
مێژووی كەیسی هەڵكوتانە سەر ئەنجوومەنی ئوممەی كوێت بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە كاتێك ھەشت ئەندام لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ٦٠ لە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن وەك ناڕەزایی دەربڕین لەسەر خراپی رەوشی سیاسی هەڵیانكوتابووە سەر تەلاری ئەنجوومەنی ئوممە.