Yunus Keleş
04 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2016
سلێمانی
كونسووڵی توركیا لە هەرێم محەمەد ئاکیڤ ئینام، سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبووبەكر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە چەندین تەوەریان تاوتوێ كرد و باسی رەوشی ئێستای كوردستان و هەروەها كۆچبەرانیان كرد كە لە رێی وڵاتی توركیاوە كۆچ دەكەن بۆ وڵاتێکی تر و كونسووڵی توركیاش رایگەیاند كە كونسوڵخانەیەك لە شاری سلێمانی دەكەنەوە.
هەڤاڵ ئەبووبەكر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "پێشوازیمان كرد لە كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێم و لە كۆبوونەوەكەدا چەندین بابەتمان تاوتوێ كرد و باسی ئەوەمان كرد كە ئێمە پێشتر داوامان كردبوو كە بەفەرمی كونسووڵخانەی توركیا لە پارێزگای سلێمانی بكرێتەوە و ئێستاش كونسووڵ پێی راگەیاندووین كە لە ماوەیەكی نزیكدا كونسووڵخانەی توركیا لە سلێمانی دەكرێتەوە".
ئەو هەروەها گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی كێشەی كۆچبەرانمان كرد كە لە وڵاتی توركیاوە لە رێی دەریایی ئیجەیەوە خەڵك كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات كە وڵاتی توركیا رۆڵ ببینێت، كە كۆتاییهێنان بەو كارەساتانەی كە لە دەریای ئیجە روودەدەن. ئەوان توانیویانە هاوكاری ئەو كۆچبەرانە بكەن و بیانگەڕێننەوە هەرێمی كوردستان ".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا باسی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و رەوشی ئێستای كوردستانمان كرد كە وڵاتی توركیا وەك وڵاتی دراوسێ رۆڵ ببینێت لە چارەسەریی ئەم قەیرانانە و هەروەها باسی ئەوەمان كرد كە باروودۆخەكان لە ئێستادا بەرەوە ئاساییبوونەوە دەڕۆن".
هەڤاڵ ئەبووبەكر لە کۆتاییدا گوتی: "داوامان كردووە كە پەیوەندی و هەماهەنگی هەبێت لە نێوان ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و شارەوانییەكانی توركیا".