Hemn Baban
14 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2016
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەرێمی كوردستان كە هاوكات ئەندامی لێژنەی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رووی فیكری و بەدێكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش كە لێژنەیەكی حكوومییە باس لەوە دەكات نزیك بە ساڵێك دەبێت هیچ گەنجێكی كورد لە هەرێمی كوردستانەوە نەچووەتە ریزەكانی داعش بۆ شەڕكردن لە دژی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەوانی دیكە، ئەوەش كە بە سەركەوتن بۆ هەرێم و حكوومەت و وەزارەتەكەی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەگەڕێنێتەوە ئەو رێوشوێنانە دەگێڕێتەوە كە لەو ماوەیەدا گرتوویانەتە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رووی فیكرییەوە.
مهریوان نهقشبهندی دەڵێت 500 گەنج لە هەرێمی كوردستان چوونە نێو داعش، 300 كەسیان كوژران، 150ی دیكەشیان هاتوونەتەوە، نزیك 50 كەسیشیان زانیاریی لە سەریان نییە، سەرچاوەی نافەرمیش باس لە چوونیان بۆ ئەورووپا دەكەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەروبەندی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر كۆنتڕۆڵكردنی"مووسڵ" دووەم گەورەترین شاری عێراق لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە "داعش" زنجیرە راپۆرتێك بڵاو دەكاتەوە كە ئەمەیان تایبەتە بە كوردەكانی نێو داعش و شكاندنی داعش و بیرباوەڕەكەی لەلای گەنجانی هەرێمی كوردستان پاش شكستەكانی ئەو رێكخراوە لە بەرەكانی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەدا.
"500 گەنج لە هەرێمی كوردستانەوە چوونە نێو داعش، 300یان كوژران، 150یان گەڕاونەتەوە، 50 یان چارەنووسیان نادیارە"
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و هاوكات ئەندامی لێژنەی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رووی فیكری و بەدێكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش كە لێژنەیەكی پێكهێنراوی حكوومەتی هەرێمە مەریوان نەقشبەندی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بەو كوردانەی لە هەرێمی كوردستانەوە لە رابردوودا چوونەتە ریزەكانی داعش، دەڵێت: "رۆیشتنی گەنجانی باشووری كوردستان بۆ نێو ریزەكانی داعش لەوكاتەوە دەستی پێكرد كە داعش لە سووریا بەشێوەیەكی فراوان سەری هەڵدا و چەندین گرووپی ئیسلامی دیكەش لەو وڵاتە پەیدا بوون و شەڕیان لە دژی رژێمەكەی بەشار ئەسەد بەرپا كردبوو".
ئەو هەروەها راشیدەگەیەنێت: "لە سەرەتاكانی شەڕی سووریادا بەشێكی زۆری ئەو گەنجانەی لە هەرێمی كوردستانەوە چوونە ریزەكانی داعش و گرووپەكانی دیكە لە رێگەی وڵاتی سێهەمەوە پەیوەندییان پێوەكردن بەڵام دوای هاتنی داعش بۆ مووسڵ و داگیركردنی تا ماوەیەكیش پرۆسەی چوونی گەنجانی ئێمە بۆ ریزەكانی داعش هەر بەردەوام بوو. دەتوانم بڵێم تا كۆتایی ساڵی 2014 نزیكەی 500 گەنجی هەرێمی كوردستان كە تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 25 ساڵان بوو بە رێگەی جیاجیا پەیوەندییان بەو گرووپە تیرۆریستییەوە كرد".
نەقشبەندی وردەكاریی چارەنووسی ئەو گەنجانە و ژمارەكانیشیان بەمشێوەیە روون دەكاتەوە "دوای دەستپێكردنی شەڕی پێشمەرگە و داعش و بۆردومانی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر داعش نزیكەی 300 كەس لەو گەنجانەی لە هەرێمی كوردستانەوە چووبوونە نێو داعش كوژران. كوشتنییان دوو جۆر بوو، بەشێكیان راستەوخۆ لەشەڕەكان لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرەكاندا كوژراون، بەشی زۆریشیان لە رێگەی بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كوژراون. ژمارەیەكیشیان داعش بۆ خۆی گوللـەبارانی كردن و كوشتنی كە لە نێوان 30 بۆ 35 كەس دەبوون، تۆمەتی ئەوانەش ناپاكی كردن و پێدانی زانیاری بوو بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشێكشیان زانیاریدان بوو بە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان گوایە لەناوچەكانی سووریا و مووسڵ و دەوروبەری حەویجە".
ئەو زیاتر دەدوێ و دەڵێت: "بە پێچەوانەوەوە نزیكەی 150 كەس لەوانەی چووبوونە نێو داعش گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە بەشی هەرە زۆریان لە ژێر چاودێرین و تا ئێستا دەستبەسەرن. دەزگا ئەمنییەكانیش هەقی خۆیانە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی گەڕانەوەی ئەوانە سەلامەتە، ئەگەرچی پێشتر لە رێگەی كەسوكارییان ئاگاداری دەزگا ئەمنییەكان كراونەتەوە كە دێنەوە، هەندێك لەوانەی گەڕاونەتەوە ئازاد كراون و گەڕاونەتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان".
سەبارەت بەوانەشی كە هێشتا لە ریزەكانی داعش ماون ناوبراو رایدەگەیەنێت: "بەگشتیی نزیكەی 300 كەس لەوانەی لە هەرێمی كوردستانەوە چوونە نێو داعش كوژران و 150 كەسیشیان گەڕاونەتەوە، ئەوەشی هەیە نزیكەی 50 كەس ماوە كە ئێمە تا ئێستا زانیاریی وردمان لە سەریان نییە. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی دەڵێن گوایە بەشێكیان ریزەكانی داعشیان بەجێ هیشتووە بە پاسپۆرتی ساختە و بە قاچاخ چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا بەڵام ئەمە پشتڕاست نەكراوەتەوە".
"داعش كوردەكانی رۆژهەڵات ناچار بە كردەی خۆتەقاندنەوە یان سەربڕینی پێش كامێرا دەكات"
بەرپرسەكەی وەزارەتی ئەوقاف لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەش ئاشكرا دەكات كە نزیك بە ساڵێك دەبێت هیچ گەنجێكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بە "جیهاد" ناوی دەبەن پەیوەندیی بە داعشەوە نەكردووە، ئاشكراشی دەكات لە ئێستادا كوردەكانی ئێران زیاتر پەیوەندی دەكەن، ئەو دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە لە مانگی شەشی ساڵی 2015ەوە بەتەواوەتی توانیمان لەهەردوو رووی فیكری و سەربازییەوە داعش بەتەواوەتی تێكبشكێنین دوای ئەوەی كۆتاییمان بە چوونی گەنجان بۆ نێو داعش هێنا، واتە لە حوزەیرانی 2015ەوە لای ئێمە هیچ گەنجێكی هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە كە چووبێتە نێو ریزەكانی داعش".
نەقشبەندی ئەوەش دەخاتە روو كە هیچ كوردێكی هەرێمی كوردستان لەنێو داعش پلەدار نییە، دەشڵێت داعش متمانەی بە كوردەكان نەماوە و ناچار بەكاری دیكە دەكات، ئەو روونی دەكاتەوە" داعش لەو كاتەوە متمانەی بە چەكدارە كوردەكانی خۆی نەماوە كە شەڕی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ پێشمەرگە دەست پێكرد، پاش داگیركردنی مووسڵ و شنگال و ناوچەكانی دیكە داگیركرد ئیدی بەشێكی زۆری ئەو خەڵكانەی لەگەڵ داعشدا هاوسۆز بوون ئەو هاوسۆزییەیان نەما. ئەوانەی پێشتر دەیانگوت شەڕی داعش دژی بەشار ئەسەدە و حەقە ئیدی ساردبوونەوە، بۆیە داعش متمانەی بە گەنجە كوردەكان نەما بەتایبەت كە زانرا گوایە ئەوان زانیارییان داوە بە پێشمەرگە و ئەوەش وایكرد پێشمەرگە بەخێرایی چەندین ناوچە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە و بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان زۆر بە وردی شوێنەكانی داعشیان دەپێكا. چونكە داعش پێی وابوو ئەوە كوردەكانن زانیاریی دەدەن، چونكە داعش لە هەموو شوێنێك لە بەرەوپێشچوون بوو تەنها بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە و كورد نەبێت".
ئەو دەشڵێت: "هیچ پلەدارێكی كورد لە نێو داعش نییە، رەنگە ئەگەر هەشبێت لە نێو كوردەكانی رۆژهەڵات یان باكوور هەبێت، بەڵام لە باشووری كوردستان نییە. چونكە ئێستا چەكدارە كوردەكان لە نێو داعش خۆشەویست نین و بەچاوی سووك سەیر دەكرێن. لەم دواییانە كوردەکانی رۆژهەڵاتی نێو رێكخراوەكەشیان خستووەتە بەردەم دوو بژاردە یان پەلاماری پێشمەرگە بدەن بە خۆتەقاندنەوە یان سەربڕینی پێشمەرگە لە بەردەم كامێراكانی داعش بۆ ئەوەی جارێكی تر نەتوانن بگەڕێنەوە یان هەڵبێن چونكە زانیبوویان پێشتر ژمارەیەكیان گەڕاونەتەوە".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و هاوكات ئەندامی لێژنەی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە رووی فیكری و بەدێكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەكات كە كوردەكانی رۆژهەڵاتی نێو داعش مەترسین بۆ سەر هەرێمی كوردستان. ئەو پتر روونی دەكاتەوە کە "زانیاریی وردم لەسەر كوردەکانی باكوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات نییە بەڵام لە راستیدا ئەوانەی ئێستا زۆر مەترسین بۆ سەر هەرێمی كوردستان كوردەكانی رۆژهەڵاتی نێو داعشن، ئێستا ئەوانە كاری دڕندانە دژی پێشمەرگە بەتایبەت دیلەكان ئەنجام دەدەن، لە چەند گرتە ڤیدیۆییشدا دەركەوتن، هەروەها فەرمانەكانی جێبەجێكردنی شەریعەت لە حەویجە و مووسڵ وەكو جەڵدلێدان بەوانە دەكرێت. هەروەها لە زۆرێك لە میحوەركانی وەكو خازر وحەویجە كوردەکانی رۆژهەڵات كوژراون و تەرمەكانیان كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە".
مەریوان نەقشبەندی لەمبارەوە زیاتر دەڵێت: "پێشتر ئەو مەترسیانەمان گەیاندووەتە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر. من بۆخۆم لەوبارەیەوە چەند جارێك گفتوگۆم لەگەڵدا كردوون و بەڵێنیان دا هاوكار بن لەوەی ئەوانە چۆن دەچن و سنوورەكان دەبەزێنن، لەگەڵ ئەوەشدا داوای هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكان و حكوومەتی هەرێمیان كرد كە بزانن ئەو كەسانە و كەسوكاریان بدۆزنەوە چۆن رۆیشتوون و ئەو شتانە".
"چەندین رێوشوێن بۆ رێگەگرتن لە بیری توندڕەوی شكستی بەبیری داعش هێنا"
مەریوان نەقشبەندی لە درێژەی قسەكانیدا باس لەرێگەكانی پەیوەندیكردنی كوردەكانی هەرێمی كوردستان بۆ نێو داعش دەكات و دەڵێت هیچ كوردێك لە هەرێمی كوردستانەوە راستەوخۆ نەچوونەتە نێو داعش، بەڵكو لە رێگەی وڵاتی سێهەمەوە بووە. پێشتر لەرێگەی توركیاوە چوون كە بە قسەی ئەو ئاسانكاریی پێدانی ڤیزایان قۆستووەتەوە و بەناوی گەشتیارییەوە چوون بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ سووریا پێش ئەوەی توركیا باشتر سنوورەكانی كۆنتڕۆڵ بكات، بەشێكشیان لە رێگەی لوبنان و ئوردنەوە چوونەتە نێو داعش.
ئەو دەشڵێت: "ژمارەی ئەو كوردانەی لە رۆژهەڵاتەوە چوونەتە نێو داعش، ئەوانەشی لە باكوورەوە چوونەتە نێو داعش لە ژمارەی ئەو كوردانەی لەهەرێمی كوردستانەوە چوونەتە نێو داعش زۆرترن".
سەبارەت بە سەركەوتنی هەرێمی كوردستان لە زاڵبوون بەسەر بیری داعش و رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەقشبەندی گرتنەبەری چەندین رێوشوێن بەهۆكاری سەرەكی دەزانێت و روونی دەكاتەوە و دەڵێت نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر چەند رێ وشوێنێكیان گرتووەتەبەر لەوانە خەڵاتكردنی نزیكەی هەزار مامۆستای ئایینی كە دژی بیری داعش راڤەی دروستیان كردووە بۆ ئەو دەقانەی كە داعش بەناوی جیهاد بەكاریان دەهێنێت، لەگەڵ لادانی هەندێك مامۆستای ئایینی كە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گەنجی كوردیان بۆ نێو داعش هان داوە. لەپاڵ ئەنجامدانی گۆڕانكاری گەورە لە مەنهەجی خوێندنی ئیسلامی و كرانەوەی پتری و خستنەسەر وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەیمانگە و قوتابخانە ئاینییەكان كە بە قسەی ئەو "وای كرد ئیدی قوتابیانی ئەو شوێنانە مەلا شوانیان لێ دەرنەچێت" لە رێگەی زیادكردنی وانەی زانستی، كیمیا و فیزیا و مافەكانی مرۆڤ، دیموكراسی هۆكاری ئەو سەركەوتنە بوون.
بەتایبەتیش باس لەوەزیری ئەوقاف و كاروباری وئایینی بە وەكالەتی ئێستا دەكات و دەڵێت: "بەدیاریكراویش لەو كاتەوەی كە د.پشتیوان سادق بووەتە وەزیری ئەوقاف بەوەكالەت كە خۆی ماستەرەكەی لەسەر تیرۆرە، وای كردووە كەس نەچێتە نێو داعش هەروەها هێزە ئەمنییەكانیش رۆڵی كاریگەریان بینی لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شوێنانەی كە گەنج لێیەوەی چوونەتە نێو داعش. هەروەها مەسەلەی چاودێریكردنی تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی كە هۆكارێكی دیكەی سەرەكی بوو بۆ تەجنیدكردنی گەنجان و پڕوپاگەندەكردن بۆیان بە هۆشیاركردنەوەی خەڵك و گەنجان بەتایبەت رۆڵی هەبووە".
نەقشبەندی بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی كونسولگەریی وڵاتانی جیهانی لە هەرێمی كوردستان كرد لە بەدەمەوەهاتنیان بۆ ئەو سەركەوتنە و نموونەش بە كونسوڵگەری میسر دەهێنێتەوە كە پڕۆژەیەكیان هەیە لەسەر داوای زانكۆی ئەزهەر بۆ بانگهێشتكردنی ژمارەیەك مامۆستای ئایینی بۆ باسكردنی بیری داعش. هەروەها دەڵێت ئێرانیش چەند كارێكی وای هەبووە، بۆ توركیاش دەڵێت: "توركیا وەكو وڵاتێكی كاریگەر لە ناوچەكە ئومێدمان لێی ئەوە بوو زیاتر لەوبارەیەوە هەماهەنگ بێت، بەڵام بەداخەوە جارێك نەبووە".
لە كۆتایی قسەكانیدا نەقشبەندی باس لە قەدەغەكردنی دەیان ناونیشانی كتێب لە هەرێمی كوردستان دەكات كە بە قسەی ئەوان "هانی توندڕەوی دەدەن" و دەڵێت: "دوو ساڵە لە پیشانگەی ساڵانەی هەولێر بۆ كتێب سەدان كتێب قەدەغە كراون كە هی وایان هەبووە بە هەزاران دانەیان لێ هێنراوە بۆ رەواجپێدانی بیری توندڕەوی بەڵام قەدەغە كراون".
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: "لەو قەدەغەكردنە هیچ وڵات یان رژێمێكی سیاسی ئامانجمان نییە بەڵكو ئەوەی ئامانجە ئەو كتێبانەیە كە توندڕەوی تەشەنە پێ دەدەن ئیدی سەرچاوەكەی هەركوێیەك بێت".
ئەو لە کۆتاییدا گوتیشی: "لە نێو ئەو كتێبانەش ژمارەیەك لە كتێبەكانی زانای ئیسلامی ئیبن تەیمییە قەدەغە كراون".