Ekip
14 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2019
دهۆک - AA
بەرپرسى لقى ١٧ى شنگالى پارتى دیموکراتى کوردستان، قادر قەچاخ رایگەیاند "بە هۆى پەکەکەوە شنگال بەدەست بۆشاییەکى ئەمنى، کارگێڕى و سیاسى قوڵەوە دەناڵێنێت، داوا لە پەکەکە دەکەین بەزووترین کات شنگال چۆڵ بکەن، تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان".
قادر قەچاخ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە ئاگادارین چەکدارانى پەکەکە لە ناو خۆیاندا رووبەڕووى کێشەى ناوخۆیی و باڵ باڵێن بوونەتەوە، سەرجەم ناکۆکى و کێشمەکێشەکانى نێو پەکەکە بە هۆى چەوساندنەوەى چەکدارەکانیان و نەبوونى سیاسەتێکى دروستەوە بووە".
گوتیشى: "تا دێت کێشە ناوخۆییەکانى پەکەکە لە شنگال قوڵتر دەبنەوە و زۆرینەى چەکدارە ناڕازییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردە ئێزدیانەن کە هەڵخەڵەتێندراون لە لایەن پەکەکە یان بە هۆى پێدانى پارە یاخود بە حوکمى چەکەوە بوونەتە ئەندام و لایەنگرى پەکەکە".
قادر قەچاخ دەڵێت "بوونى پەکەکە لە شنگال لە بەرژەوەندى هیچ کەس و لایەنێک نییە، زیان بە خەڵکى بەشمەینەتى شنگال دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە بەزووترین کات پەکەکە لە شنگال دەربچن و شارەکە بۆ خەڵکەکەى جێبهێڵن، خەڵک و ئیدارەى شنگال گەڕانەوەى پێشمەرگە بە کلیلى ئارامى و سەقامگیرى دەزانن".
- "هەزار چەکدارى پەکەکە ئامادەى جێهێشتى ریزەکانى رێکخراوى پەکەکەن"
هەر پەیوەست بە هەمان پرس، فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەکەکە هەر لە سەرەتاى هاتنى بۆ شنگال مەینەتى و فڕوفێلى لەگەڵ خۆی هێنا، سەرەتا تۆوى دووبەرەکى و ناکۆکى خستە نێو خەڵکەوە دژبە پارتى و هێزەکانى پێشمەرگە، دواتریش هەستا بە هەڵخەڵەتاندنى خەڵکە ساوێلکە و سادەکەى شنگال و کردوونى بە چەکدارى رێکخراوە چەکدارییەکەى، رۆژ دواى رۆژ سیاسەتى هەڵخەڵەتاندن و خۆڵ لەچاوکردنى پەکەکە لە شنگال ئاشکرا بوو، ئێستا ناکۆکییەکى توند رووبەڕووى ئەو گرووپە چەکدارییە بووەتەوە و ژیان سەدان گەنجیش لە مەترسیدایە".
شەشۆ ئاشکراى دەکات "زیاتر لە هەزار چەکدارى پەکەکە ئەمڕۆ ئامادەن چەکى دەستییان فڕێبدەن و ریزەکانى پەکەکە جێبهێڵن، بەشى هەرە زۆرى ئەوانەى دەیانەوێت خۆیان لە پەکەکە رزگار بکەن، کوردى ئیزدى شنگالن".
قاسم شەشۆ کە یەکێکە لە دیارترین فەرماندە سەربازییەکانى سنوورى قەزاى شنگال و تا ئێستا لە مەزارگەى شەرەفەددین لە شنگال ماوەتەوە وەک خۆى ئاماژەى پێدەدات ئامادەنەبووە سنوورەکە بۆ پەکەکە و حەشدى شەعبى چۆڵ بکات دەشڵێت "سەدان چەکدارى پەکەکە دەیانەوێت خۆیان لە پەکەکە رزگار بکەن و چەکى شانیان فڕێ بدەن، بەڵام بە هۆى زەبروزەنگى پەکەکە ناوێرن".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال گوتى: "ئێمە بەبێ فەرمانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئاگادارى پارتى دیموکراتى کوردستان ناتوانین هیچ چەکدارێکى هەڵگەڕاوەى پەکەکە وەربگرین".